ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی گرته‌ ڤیدیۆییه‌ تازه‌بڵاوكراوه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌

05:35 - 09/04/2019
کوردستان

ئه‌مڕۆ، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی نه‌وشیروان مسته‌فا بڵاوكرایه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی خزمه‌ت به‌ هه‌ندێك ئامانجی گوماناوی بكات، به‌ڵام به‌پێی به‌دواداچونێكی دیجیتاڵ میدیای KNN زانیارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ترن.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كه‌، مێژوی ڤیدیۆكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رواری 11/10/2016 كاتێك له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان قسه‌ ده‌كات، پاش ئه‌وه‌ی له‌ كۆتایی مانگی ئابدا (ناوه‌ندی بڕیاری یه‌كێتی) راده‌گه‌یه‌نرێت و كاك نه‌وشیروان به‌و دۆخه‌وه‌ بێئومێدبونی خۆی له‌ جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی ده‌خاته‌ڕوو.

 هه‌روه‌ها ده‌ڵێت؛ "له‌بری ئه‌وه‌ی له‌حزبه‌كه‌دا هه‌ر ئه‌ندامێك به‌رهه‌می ره‌نجی خۆی بچنێته‌وه‌، وای لێهاتوه‌ ئێستا جنێو به‌یه‌كتری ده‌ده‌ن و موئامه‌ره‌ له‌یه‌كتری ده‌كه‌ن و...هتد".

رۆژی 17/5/2016به‌ئاماده‌بونی جه‌لال تاڵه‌بانی، نه‌وشیروان مسته‌فا و كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی، رێكه‌وتنی سیاسی نێوان (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی)یان واژۆكرد و له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا كه‌ له‌شاری جوان- له‌ سلێمانی رێكخرابوو، نه‌وشیروان مسته‌فا وتی؛ "عیبره‌ت له‌ جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌دایه‌ نه‌ك ئیمزاكردنی".

9577 جار خوێندراوەتەوە