سلێمانی.. ئاهه‌نگێك بۆ ھاوسەره‌ نابیناكان به‌ڕێوه‌چوو

04:35 - 08/04/2019
گەلەری

لە شاری سلێمانی ئاھەنگێکی تایبەت بۆ ١٠٠ ژن و پیاوی نابینا ئەنجامدرا کە پڕۆسەی ھاوسەرگیرییان ئەنجامداوە، ئەوان دروشمیان ئەوەیە کە لە پڕۆسەی ھاوسەرگیریدا چاو پێوەر نەبێت و لە دڵەوە بۆ دڵ بێت.

لەو ئاھەنگەدا کە ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ لە شاری سلێمانی لە لایەن سەنتەری رۆشنا سازکرابوو، ١٠٠ ژن و پیاوی نابینا کە لە ماوه‌ی ئەم دوو ساڵەدا پڕۆسەی ھاوسەرگیرییان ئەنجامداوە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسان و خێرخوازان و کەسوکاری بەشداربووانی ئاھەنگەکە ئامادە بوون.

عوسمان خەلیفە، سەرپەرشتیاری ئاھەنگەکە و بەڕێوەبەری سەنتەری رۆشنا، ڕایگه‌یاند، ئه‌مرۆ ١٠٠ نابینا و ھاوسەرەکانیان لەم ھۆڵە کۆكراونه‌ته‌وه‌ و ئاھەنگێکی تایبەتیان بۆ ساز دەکەین، ئەوەش بۆ گەیاندنی پەیامێک بە ھەموو دنیا کە ئەوانە ھەموو نابینان و پڕۆسەی ھاوسەرگیرییان ئەنجامداوە و ھەروەھا راستکردنەوەی ئەو پەیامەی کە پێشتر بەھەڵە گەیشتووە لەوەی کەسانی نابینا ناتوانن ھاوسەرگیری بکەن و لەکاتی پڕۆسەکەدا دەیان کێشەیان بۆ دروستکراوە.

وتیشی، کەسانی نابینا ھەست و شعورێکی جوانیان ھەیە کە پڕۆسەی ھاوسەرگیری ئەنجام دەدەن، دەمانەوێت کەس دەست لە کاروباری ئەوان وەرنەدات و خەڵک لەو پڕۆسەیەدا چاو و جەستە نەکاتە پێوەر، بەڵکو ناخ و لێھاتوویی ھەڵبژێرێت و لە دڵەوە بۆ دڵ بێت وەک لە دروشمەکەماندا باسمان کردووە.

نابینایانی بەشداربووی ئاھەنگەکەش داوا دەکەن رۆژی ھەشتی نیسانی ھەموو ساڵێک لە ھەرێمی کوردستان بەڕەسمی بکرێتە رۆژێک بۆ ھاوسەرگیری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
لە ئاھەنگەکەدا جگە لە پێشکەشکردنی وتار و چەندین چالاکی ھونەری، خەڵاتی رێزلێنان پێشکەش بە نابینایان و ھاوسەرەکانیان کرا .

2536 جار خوێندراوەتەوە