وەزیری نەوتی ئێران: عێراق یەك ملیار دۆلاری گاز قەرزاری ئێرانە

08:23 - 07/04/2019
ئابوری

عێراق و ئێران پەرە بە كێڵگە نەوتییە هاوبەشەكانیان دەدەن

 

 وەزیری نەوتی ئێران رایدەگەیەنێت: لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق رێككەوتوون بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییە هاوبەشەكانی نێوانیان، ئاماژەی بەوەش كرد: عێراق یەك ملیار دۆلاری كڕینی گاز قەرزار ئێرانە.

بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق، رایگەیاند: لەبارەی پەرەپێدان و فراوانكردنی كێڵگە نەوتییە هاوبەشەكانی، كرماشان دیالە، و خوزستان بەسرە، رێككەوتوون.

راشیگەیاند: توانایەكی گەورەیان هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی هەماهەنگییەكانیان لەبواری نەوت، گازی سروشتی، پاڵاوگە و پترۆكیمیایی و ئامادەن لەو روەوە هاوكاریی عێراق بكەن، لەئێستاشدا كەشێكی گونجاو هەیە بۆ هەماهەنگی لەو بوارانەدا.

وتیشی: عێراق یەك ملیار دۆلار قەرزاری ئەو گازە سروشتییەی ئێرانە كە پێشتر پێی فرۆشراوە، بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لەو وڵاتەدا.

175 جار خوێندراوەتەوە