سێشەممە خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری پڕۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت

08:27 - 31/03/2019
کوردستان

هەولێر؛ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان كۆبوەوە  

سێشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە
لیژنەی یاسایی راپۆرتی هەمواری پڕۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی پەسەند كرد

بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، راپۆرتی هەمواری پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، پەسەند كرا و فراكسیۆنی یەكێتیش، بەشداریی كۆبونەوەكەی كرد.

هاوكات، لە راگەیەنراوێكدا ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، گشت ئەندامانی پەرلەمان ئاگادار دەكات، كە رۆژی سێشەممە كاتژمێر 3:00 ی پاشنیوەڕۆ، دانیشتی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكرێت.

لەكۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی، راپۆرتی پڕۆژە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی پەسەند كردو دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممەش دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بۆ گفتوگۆ كردن و پەسەندكردنی  پرۆژە یاساكە بەڕێوەدەچێت.

 لە كۆبوونەوەكەی لیژنەی یاساییدا نوێنەری فراكسیۆنەكانی یەكێتی و كۆمەڵی ئیسلامی دەنگیان بەراپۆرتەكەدا نەدا، بۆیە ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە فراكسیۆنی یەكێتی، دوای كۆبوونەوەكە رایگەیاند: سەرەنج و تێبینیان لەسەر هەمواری یاساكە هەیەو پێیوایە گوێشیان لێنەگیراوە.

پرۆژە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە(8) ماددە پێكدێت، سەرۆكی لیژنەی یاسایی رایدەگەیەنێت تێبینیەكانی سەر راپۆرتی لیژنەكە نەبوونە جێگەی باوەڕپێهێنانمان بۆیە زۆرینەی ئەندامانی لیژنەكە راپۆرتەكەیان پەسەندكرد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست كەی ئێن ئێن كەوتووە تاكو (10)رۆژی تر پڕۆژەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پەسەند دەكرێت و لەچەند رۆژی رابردووش سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند كە چیتر ناتوانن چاوەڕێی یەكێتی بكەن و ئەوان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم پێكدێنن.

335 جار خوێندراوەتەوە