كۆمپانیای هواوی: رێژەی قازانجی ساڵانەمان بە رێژەی 25% زیادی كردووە

06:52 - 31/03/2019
زانستی

كۆمپانیای هواوی: سەرەڕای فشارەكانی ئەمریكا لە 2018دا 9 ملیار دۆلار قازانجمان كردووە

كۆمپانیای هواوی رایدەگەیەنێت: سەرەڕای سزا و فشارەكانی ئەمریكا لەسەر كۆمپانیاكەیان، قازانجی ساڵانەیان بە رێژەی زیاتر لە 25% زیادی كردووەو گەیشتووەتە زیاتر لە 9 ملیار دۆلار.

لە بەیاننامەیەكدا، كۆمپانیای هواوی چینی، تایبەت بە بەرهەمهێنانی مۆبایل و پەیوەندییەكان بڵاوی كردەوە: لە ماوەی ساڵی رابردوودا، بە رێژەی لەسەدا بیست‌و پێنج پۆینت یەك، قازانجیان كردووە كە دەكاتە زیاتر لە نۆ ملیار دۆلار.

كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەش كردووە، لە ساڵی رابردوودا، بڕی داهاتی ساڵانەیان بە رێژەی لەسەدا نۆزدە پۆینت پێنج زیادی كردووەو زیاتر لە 105 ملیارو 100 هەزار دۆلار داهاتیان هەبووە.

كۆمپانیاكە ئەوەشی خستۆتەڕوو: ساڵی 2018 بازاڕە دەرەكییەكان، رێژەی لەسەدا چل‌و هەشتی ئاڵوگۆڕی ‌بەرهەمەكانی‌ هواوییان بەخۆوە بینیووە، كیشوەری ‌ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ‌ناوەڕاست و ئەفریقاش ئەو ناوچانەن كە تیایدا كۆمپانیاكە لەكاتێكی‌ خێرادا گەشەی‌ كردووە.

بەپێی بەیاننامەی كۆمپانیاكە، لەساڵی 2018دا، بڕی زیاتر لە 15 ملیار دۆلاریان خەرج كردوە لە بواری ‌توێژینەوە و لێكۆڵینەوەكاندا. 

لە چوارچێوەی ‌ناكۆییەكانی ‌نێوان ئەمریكا و چین، كۆمپانیای ‌هواوی‌، كەوتە چەقی ‌ئەو ململانێیانەوە و تۆمەتبار كرا بە كاری ‌سیخوڕیی ‌ئەلكترۆنی ‌و پێشێلكردنی‌سزا سەپێندراوەكانی ‌سەر ئێران.

259 جار خوێندراوەتەوە