په‌رستگای مارمه‌تێی مه‌سیحیه‌كان كورد و عه‌ره‌ب و توركمان پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌

06:09 - 23/03/2019
گەلەری

په‌رستگای مارمەتێ یەکێک لە کۆنترین په‌رستگای کریستیانە سریانییەکان لە عێراق و جیهان ده‌كه‌وێته‌ هه‌رێمی كوردستان، ساڵانە لە وەرزی بەهاردا گەشتیارانی مەسیحی، موسلمان، ئێزدی و کاکەیی یان كورد و عه‌ره‌ب و توركمان پێکەوە کۆدەکاتەوە.

په‌رستگای  مارمەتێ دەکەوێتە دامێنی چیای مەقلوب، هەڵکەوتەی جوگرافی دێرەکە دیمەنێکی جوان و دڵڕفێنی دەوروبەری بەخشیوە، هەر ئەمەیش وایکردووە گەشتیاران لە نێوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە وڵاتی درواسێ و رۆژئاوا گەشت بۆ ئەم ناوچەیە بکەن.

مێژووی دروستکردنی په‌رستگای مارمەتێ دەگەڕێتەوە بۆ پێش هەزار و ٧٠٠ ساڵ، لە کۆتایی سەدەی چوارەمی زایینی لە نێوان ساڵانی ٣٦١ بۆ ٣٦٣. نزیکەی ٣٠٠ ساڵ دوای بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحییەت دروستکراوە، بەپێی کۆکردنەوەی ئەو بەڵگە و دیکیۆمێنتانەی لەلایەن رەهبانەکانی په‌رستگاکە کۆکراوەتەوە یەکێکە لە کۆنترین په‌رستگاکان لە عێراق و جیهان.

رەهبانی ئێستای په‌رستگا مارمەتێ بەناوی یوسف ئیبراهیم وتی: ئەم په‌رستگایه‌ کۆنترین په‌رستگایه‌ لە عێراق و جیهان ساڵانە لە وەرزی بەهار تایبەت لە بۆنەی نەورۆزدا گەشتیاری زۆر رووی تێدەکەن بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش.

وتیشی، گەشتیارانی ناوخۆیی لە پێکهاتەی ئایینی مەسیحی، موسوڵمان، ئێزدی و کاکەیی و هەموو پێکهاتە ئایینەکانی دیکەی عێراق سەردانی  په‌رستگا دەکەن و هەروەها پێکهاتە نەتەوەیییەکانی وەک کورد، عەرەب و تورکمان بە شیعە و سوننەوە سەردانی دەکەن و کاتێكی خۆش لەگەڵ خانەوادەکەیان بەسەر دەبەن.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان  لە ئابی ساڵی ٢٠١٤هەڵستان بە پاراستنی په‌رستگای مارمەتێ لە چەکدارانی داعش و هێزێکی زۆر لە ناوچە بڵاوەیان پێکرا و بۆ ئەوەی داعش ئەم په‌رستگایه‌ هاوشێوەی کڵێساکانی دیکەی عێراق نەتەقێنێتەوە.

 

281 جار خوێندراوەتەوە