زیدان وازی له‌ راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید هێنا

06:56 - 31/05/2018
وەرزش

زینه‌دین زیدان، راهێنه‌ری یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدی ئیسپانی، به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو، وازی لە راهێنه‌رایەتی یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدی ئیسپانی هێنا.

 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ زینه‌دین زیدان، راهێنه‌ری یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدی ئیسپانی، به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو، لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبەش لەگەڵ سه‌رۆكی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید فلۆرێنتینۆ پێرێزی،رایگه‌یاند: "بڕیارمداوه‌ واز لە راهێنه‌رایەتی ریاڵ مه‌درید بهێنم. له‌پێناو به‌رده‌وامبوونی یانه‌كه‌ له‌ سه‌ركه‌وتن".

هەرلە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سه‌رۆكی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید، فلۆرێنتینۆ پێرێزی وتی، "چاوه‌ڕان نه‌بوون زیدان ماڵئاوایی له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی بكات، به‌ڵام پێویسته‌ رێز له‌م بڕیاره‌ بگرین". 

وتیشی "كاتێك گوێم له‌و بڕیاره‌ی زیدان بوو، زۆر كاری تێكردم، ده‌مویست رازی بكه‌م، به‌ڵام ده‌زانم چۆن ئه‌م بڕیاره‌ی داوه‌".

زینه‌دین زیدان، سێ جار به‌ باشترین یاریزانی جیهان ده‌ستنیشانكراوه‌ و له ‌نێو باشترینه‌كانی مێژووی تۆپی پێی جیهاندایه‌، له‌ ئه‌زمونی راهێنه‌ریشدا سێ جار جامی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا، دوو جامی جیهانی یانه‌كانی فیفا، جامێكی لالیگا و جامێكی سوپه‌ری ئه‌وروپا و جامێكی سوپه‌ری ئیسپانیای له‌گه‌ڵ یانه‌ی ریاڵ مه‌درید به‌ده‌ستهێناوه‌.

272 جار خوێندراوەتەوە