هەڵەبجە؛ یادی31 ساڵەی کیمیابارانی شارەکە دەکرێتەوە

10:10 - 16/03/2019
کوردستان

 31 ساڵ بەسەر تاوانی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجەدا، تێدەپەڕێت و بەو بۆنەیەوە لە شارەكە‌و بە دروشمی "هەڵەبجە بەرەو هیواو هەڵەبجە بەرەو ژیان" مەراسیمی یادەكە, بەڕێوەدەچێت.

كامەران مستەفا, وتەبێژی یادی 31 ساڵەی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە, بە KNNی راگەیاند: لە كاتژمێر 10:00 ی سەرلەبەیانییەوە, لە هۆڵی داخراوی یاریگای گشتیی هەڵەبجە، مەراسیمی یادی 31 ساڵەی كیمیابارانی شارەكە دەستی پێكردوە.

 

وتیشی: ئەمساڵ چالاكییەكانی 31 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبن و بەشێك لە چالاكییەكانیش لە فەرمانگە حوكمییەكان و هۆڵی بۆنەكانی هەڵەبجە دەبن.

سەرپەرشتیارانی یادەكە, ئاماژە بەوەدەكەن: قەیرانە سیاسی و ئابوریەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەرەو نەمان دەچن و بە كردنەوەی فەرمانگە حكومییەكانی حكومەتی فیدراڵ لە هەڵەبجە، چاویان لەوەیە هێندەی تر، پارێزگابوونی هەڵەبجە بكەوێتە سەر پێی خۆی.

هاوكات لە زۆرێك لە شارو شارۆچكەكانی هەرێم, چالاكیی تایبەت بەو یادە بەڕێوەدەچێت و لە كاتژمێر 11:35 خولەكیش, چەند ساتێك وەستان بە بێدەنگی, وەك رێزێك بۆ قوربانییانی هەڵەبجە, بەڕێوەچوو..

 ڕۆژی  16ی ئازاری ساڵی 1988 ، ڕژێمی بەعس شاری هەڵەبجەی كیمیاباران كرد و بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج، گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە هەزار هاوڵاتی دیكەش بریندار و بێسەر و شوێن بوون

131 جار خوێندراوەتەوە