وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەردەكاتەوە

08:26 - 16/03/2019
جیهان

پۆمپیۆ سەردانی ئیسرائیل و كوەیت و لوبنان دەكات 

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، گەشتێك بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەكات و ئامانج لەسەردانەكەیشی، روبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان و هەژموونی ئێرانە لەناوچەكە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە: لەم هەفتەیەدا مایك پۆمپیۆ، وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەسەردەكاتەوە لەناویاندا ئیسرائیل و كوەیت و لوبنان‌و دەشڵێت: لەسەردانەكەی بۆ لوبنان، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە پرسی ئاڵنگارییە سیاسیی و ئەمنی و ئابورییەكان تاوتوێ دەكرێت كە ڕوبەڕوی ئەو وڵاتە بوەتەوە و پشتگیریی و پشتیوانیی ئەمریكاش بۆ لوبنان دوپات دەكاتەوە.

 ئاماژەی بەوەش كردوە: لەسەردانەكەشی بۆ ئیسرائیل، باس لە كێشە هەرێمییەكان دەكرێت بەتایبەت هەژمونی ئێرانی لەناوچەكە و پابەندبونی ئەمریكا بە فەراهەمكردنی ئاسایش بۆ ئیسرائیل، هەروەك بەشداری كۆبونەوەی سەركردەی وڵاتانی ئیسرائیل و یۆنان دەكات تایبەت بە پرسی ئاسایش و وزە.

تایبەت بە سەردانەكەی پۆمپیۆ بۆ كوەیت، ئاماژەی بەوە كردوە، پۆمپیۆ، بەشداری سێیەمین كۆبونەوەی ستراتیژی ئەمریكاو كوەیت دەكات لەبواری  ڕوبەڕوبونەوەی تێرۆرو تاوێكردنی بارودۆخی یەمەن و سوریا.

178 جار خوێندراوەتەوە