گەرمیان; باندێکی دزیكردن دەستگیرکرا

08:20 - 16/03/2019
کوردستان

پۆلیسی گەرمیان, دەستگیركردنی چەند ئەندامێكی باندێكی دزیكردنی راگەیاند, كە كۆتا كاریان, دزینی زیاتر لە هەشت ملیۆن دینار و 20 مسقاڵ ئاڵتون بوە.

بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان بڵاوی كردوەتەوە، كۆتا كاری ئەو باندە ئەوە بوە كە هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵێك لە ناحیەی رزگاری, لەو كاتەدا خاوەنی ماڵەكە روبەرویان بوەتەوە, بەڵام باندەكە لێیان داوە و برینداریان كردوە, دواتریش دەست و چاوی خاوەن ماڵ و خێزانەكەشیان بەستوەتەوە. بە وتەی خاوەن ماڵەكە, دزەكان بڕی هەشت ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار و (٢٠) مسقاڵ ئاڵتونیان لێ دزیوە.

هیزەكانی بنكەی ئاسایشی رزگارییش, لە ماوەی كەمتر لە ٢٤ كاتژمێردا, دوو ئەندامی باندەكەیان دەستگیر كردوە و  لەكاتی دەستگیركردنیاندا، دەست گیراوە بەسەر بڕێك ئاڵتون و پارەدا.

بە وتەی پۆلیس, لە لێكۆڵینەوەی سەرەتاییدا, تۆمەتباران دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و راگیراون, لێكوڵینەوەش بۆ دەستگیركردنی ئەندامانی دیكەی باندەكە، بەردەوامە

309 جار خوێندراوەتەوە