جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەنگاوەكانی داهاتووی بەشداریی لە حكومەت كۆدەبێتەوە

08:01 - 15/03/2019
کوردستان

بۆ پرسی هەنگاوەكانی داهاتووی گۆڕان لە شێوازی بەشداریكردن لە كابینەی داهاتووی حكومەت‌و میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكانی لەو كابینەیەدا، سبەینێ‌ جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆدەبێتەوە.

جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا بۆ KNN، ڕایگەیاند: بڕیارە لەڕۆژانی شەممە ‌و یەكشەممەدا، هەردوو جڤاتی گشتی ‌و نیشتیمانی، كۆببنەوە ‌و كۆبونەوەكەشیان تایبەت دەبێت بە هەنگاوەكانی داهاتوی بزوتنەوەكە لەبارەی چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكومەت بەتایبەت پرسی دابەشكردنی پۆستەكان.

 

سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی وتیشی: جڤاتی گشتی پێشنیازەكانی خۆیان لەبارەی میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی دەكات كە بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە كۆببێتەوە‌و جەختیشی كردەوە، لەوكۆبونەوەیەدا، میكانزیمی دانانی پێوەرەكان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان ‌و وەرگرتنی كاندیدەكان، یەكلایی دەكەنەوە..

390 جار خوێندراوەتەوە