زانیاری دەربارەی هێرشبەرەكەی سەر مزگەوتەكانی نیوزلەندا بڵاوكرایەوە

03:34 - 15/03/2019
جیهان

بەپێی سەرچاوەكانی نیوزلەندا، ئەو  هێرشبەرەی ساتی هێرشەكەی لە هەژماری فەیسبوكی خۆی بڵاوكردووەتەوە، ناوی (برینتن تارانت) ه‌و خەڵكی ئوسترالیایە.

تارانت، تەمەنی 28 ساڵە و خاوەنی رەگەزنامەی ئوسترالیە و دایك و باوكیشی بە رەچەڵەك بەریتانین و بەوە ناسراوە، كە كەسێكی توندڕەوی دژە پەنابەرانە و پێیوایە، موسوڵمانانی پەنابەر وڵاتانی ئەوروپا داگیر دەكەن.

لە هەژماری خۆی لە تویتەر و فەیسبوك، دەیان پۆستی دژ بە پەنابەرانی موسوڵمان كردووە، بیروباوەڕەكانی خۆی لە نوسراوێكی 94 پەڕەییدا بڵاوكردوەتەوە‌و نوسیویەتی: ئەو كارانەی دەیانكات، بۆ ئەوەن ترس و دڵەڕاوكێ لە ناو ئەو پەنابەرانە بڵاوبێتەوە‌و چیدیكە پەنابەران نەچنە وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی دیكەوە.

 برینتن تارانت، لە وەسفی خۆیدا نوسیویەتی، ئەو پیاوێكی سپی پێستە لە خێزانێكی كرێكاری هەژار و لە بنەچەدا خەڵكی ئێرلەندای بەریتانیایە و هیچ گرنگیەكی بە خوێندن و زانكۆ نەداوە و نایدات و كارەكانیشی بۆ ئەوەیە لە داهاتوودا گەلەكەی بپارێزێت.

تارانت، چەندین نوسراو و ناوی لەسەر ئەو چەكانەی، كە بەكاریهێناون لە هێرشەكەدا نوسیوە و ناوی بەشێك لەو كەسانەی نوسیوە، كە پێشتر هێرشی هاوشێوەیان بۆ سەر موسوڵمانان لە ئەوروپا ئەنجامداوە.

ئەوەشی وتووە، بە پلان چووەتە نیوزلەندا و لەگەڵ هاوڕێكانی مەشق و نەخشەیان داناوە بۆ ئەو هێرشەی كردوویانە.

ئەمڕۆ هەینی لە رووداوێكی هێرش و تەقەكردندا بۆ سەر دوو مزگەوت لە نیوزلەندا، زیاتر لە 49كەس لە ناو هەردوو مزگەوتەكەدا كوژران و زیاتر لە 48 كەسیش بریندار بوون.

24793 جار خوێندراوەتەوە