واشنتۆن توركیا بە پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ تۆمەتبار دەكات

08:21 - 14/03/2019
جیهان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا دەربارەی مافەكانی مرۆڤ، توركیا بە پیشێلكارێكی سەرەكی مافەكانی مرۆڤ دەداتە قەڵەم و رایدەگەیەنێت، لەدوای هەوڵی كودەتاكەی ساڵی 2016 تائێستا 130 هەزار فەرمانبەر لەكارەكانیان دورخراونەتەوەو نزیكەی 80 هەزار هاوڵاتی دەستگیركراون.

لە راپۆرتەكەدا باس لەكوشتنی بێ بنەماو كوشتنی كەسانی دەستگیركراوو رفاندن و ئەشكەنجەدان و گرتن و  زیندانیكردنی هەڕەمەكی هەزاران هاوڵاتی دەكات كەلەناویاندا پەرلەمانتارو پارێزەرو ڕۆژنامەنوس هەن.  
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا دەربارەی مافەكانی مرۆڤ، توركیا بە پیشێلكارێكی سەرەكی مافەكانی مرۆڤ دەداتە قەڵەم و دەڵێت: لەدوای كودەتا شكستخواردوەكەی ساڵی 2016 تائێستا 130 هەزار فەرمانبەرلە پیشەكانیان دورخراونەتەوەو نزیكەی 80 هەزار هاوڵاتی دەستگیركران و زیاتر لە1500 ڕێكخراوی ناحكومیش داخراون.

لە راپۆرتەكەدا باس لەكوشتنی بێ بنەماو كوشتنی كەسانی دەستگیركراوو رفاندن و ئەشكەنجەدان و گرتن و  زیندانیكردنی هەڕەمەكی هەزاران هاوڵاتی دەكات، كە لە ناویاندا پەرلەمانتارو پارێزەرو ڕۆژنامەنوس و هاوڵاتی بیانی و گرتنی سێ كەس لەنێردەی ئەمریكا لەتوركیاو دەستگیركردنی دەیان بەرپرسی ئەكادیمی و سیاسی هەڵبژێردراو هەیە.

ئەوە سەباری داخستنی دەیان كەناڵی ڕاگەیاندن و تۆمەت خستەپاڵ هاوڵاتیان بەبیانوی ڕەخنەگرتن لەسیاسەتەكانی حكومەت و دانانی كۆت و پێوەند لەسەر ماڵپەڕە ئەلكترۆنییەكان و بەرتەسككردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنان.

لەڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتوە، توركیا لەماوەی پار ساڵ سنورەكانی لەگەڵ سوریا بەزەبرو زەنگ پاراستوەو ڕێگریی لەگەیشتنی كاروانە مرۆییەكان و پێداویستی پزیشكی بۆ كەسانی لێقەوماو كردوە، ئەوە سەرباری ئەوەی پاسەوانانی سنوری توركیا تەقەیان لەهاوڵاتیان سوریی و ئەو كەسانەكردوە كەداوای پەنابەرێتییان لەو وڵاتە كردوەو بەو هۆیەوەش چەندان هاوڵاتی بونەتە قوربانی كەتەنیا لەم ساڵەدا دەسەڵاتدارانی توركیا 20-30 هەزار كۆچبەری نایاساییان دەستگیركردوە.

سەبارەت بەو تاوانانەش كە سوپای توركیا لەكاتی هێرشكردنە سەر عەفرین ئەنجامیانداوە، چاودێرانی نێودەڵەتی لەناویاندا ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان و رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و هیومان ڕایتس وۆچ ئەوەیان دوپات كردوە كە سوپای توركیا هاوڵاتی مەدەنیان كوشتوەو نەخۆشخانەو شوێنەوارەكانیشیان لەناوبردوە.

راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت: لە ماوەی ئەم ساڵەدا زیاتر لە28 كەس بەتۆمەتی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە ڕفێنراون و ڕوبەڕوی لێدان و ئەشكەنجەدان و مامەڵەی نەشیاو كراونەتەوە، نیڵزمیڵزر بڕیاردەری نەتەوەیەكگرتوەكانیش لەتوركیا ئەوە دوپات دەكاتەوە كە ژمارەیەكی زۆر لەهاوڵاتیان لەكاتی دەستگیركردنیان ڕوبەڕوی سزاو ئەشكەنەدان كراونەتەوە،  لەوانە لێدان ولێدانی كارەباو هەڕەشەو بەكارهێنانی ئاوی ساردو دەستدرێژی و چەندان شێوازی دیكە.

رێكخراوی مافی مرۆڤ و كۆچبەرانی ئەڵمانیا دەڵێت: لەماوەی 11 مانگی ساڵی ڕابردودا 538 سكاڵایان دژی دەسەڵاتدارانی توركیا بەدەست گەیشتوە كەلەناو ئەوانەدا 280 كەسیان لەكاتی دەستگیركردنیان ئەشكەنجەدراون، ڕێكخراوی مافی مرۆڤیش دەڵێت: لەماوەی 11 مانگی ساڵی 2018 دا 2719 سكاڵایان دژی هێزە ئەمنیەكانی توركیا بەدەست گەیشتوە، بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی دادی توركیاش لەساڵی  2017 دا  84 دۆسیەی تاوانی لەبواری ئەشكەنجەدانی هێزە ئەمینەكانی توركیا كردۆتەوە.

لەڕاپۆرتێكی پارتی گەلی دیموكراتی توركیا كەلەمانگی ئابدا بڵاوكراوەتەوە هاتوە، 1154 زیندانی نەخۆش لەگرتوەخانەكانی توركیادا هەن كە دۆخی تەندروستی 400 كەسیان مەترسیدارە.  

322 جار خوێندراوەتەوە