هەولێر؛ باخچەی ئاژەڵان لە قۆناغی تەواوبووندایە

07:16 - 14/03/2019
هەمەڕەنگ

خاوەن پڕۆژەی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، هێرش تەیار: بۆ باڵندەكان گەورەترین قەفەزی دونیامان هەیە و رووبەرەكەی 20 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و لەئێستاشدا، ١٥٠ جۆر باڵندە و ئاژەڵمان هەیە و ئەم ژمارەیەش لە ماوەی داهاتوودا زیاد دەكات.

لەماوەیەكی نزیكدا، یەكێك لە گەورەترین پڕۆژەكانی گەشتیاری كە لە چەندەها جۆر ئاژەڵ و باڵندە پێكدێت و دەكەوێتە خۆرهەڵاتی شاری هەولێر، بەڕووی گەشتیاراندا دەكرێتەوەو خاوەنی پڕۆژەكەش جەخت لەوە دەكاتەوە كە رەچاوی نرخی بلیت و خواردن و شوێنی مانەوەی گەشتیاران كراوە.

پڕۆژەی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر لە خۆرهەڵاتی ئەو شارە لەسەر رووبەری 200 دۆنم زەوی دروستكراوە و تا ئێستا نزیكەی 150 جۆر ئاژەڵ و باڵندەی تیادایە و دیزاین و شێواز و بیرۆكەی پڕۆژەكەش لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكا وەرگیراوە و لە چەند بەشی سەرەكی پێكدێت و سێ دەریاچەیشی تێدایە بۆ باڵندەو پەلەوەڕەكان، هەروەها چەندین شوێنی دیكەی جیاوازیشی تیادایە بۆ ئاژەڵان و گوژمەی تێچووی پڕۆژەكەش ٩٠ ملیۆن دۆلارە.

خاوەن پڕۆژەی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، باس لەوە دەكات: بیرۆكەكە لە سەردان و گەڕانی وڵاتان دروست بووە، بۆئەوەی بەدوای ئەو خاڵانەدا بگەڕێن كە دەبێتەهۆی دروستكردنی وەبەرهێنان و جووڵەی بازرگانی.

ئەو پڕۆژەیە لە چەندین بەش پێكدێت و دوو بەشی ناوچەی سروشتی پارێزراوە و بەشێك لە مینی هەولێر پێكدێت كە شاری هەولێر بچووككراوەتەوە بە جۆرێك دەتوانی هەموو شەقام و باڵەخانە و ماڵەكان بە بچووكی بدۆزیتەوە.

لەبارەی گرانترین نرخی ئاژەڵەكانیشەوە، هێرش تەیار دەڵێت: گرانترین جۆری ئاژەڵەكان زەرافەو فیلەو نرخی جووتێك زەرافە دەگاتە 240 هەزار دۆلار و نرخی جووتێك فیل دەگاتە 200 هەزار دۆلار و بڕیاریشە ئەو جۆرە حوشترانەش بهێنین كە دوو كۆپارەیان هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا بەدوای ئەو ئاژەڵانەوەین كە دەگمەنن بۆ ئەوەی لەم پڕۆژەیەدا دایبنێن.

5078 جار خوێندراوەتەوە