ئەمریكا: كۆنگرێس پڕۆژە یاسایەكی دژی خواستی ترەمپ پەسەند كرد

05:30 - 14/03/2019
جیهان

ئەمریكا: ئەو پڕۆژەیە رێگر دەبێت لە پشتیوانی ئەمریكا بۆ سعودیە لە جەنگی یەمەن  

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا ئەو پڕۆژە یاسایەی پەسەندكرد، كە رێگرە لەبەردەم پشتیوانیی سەربازیی ئەمریكا بۆ سعودیە و هاوپەیمانەكانی لە جەنگی یەمەندا. 

پڕۆژە یاساكە بەدەنگی 54 سیناتۆر لە بەرامبەر 46 سیناتۆری دیكەدا پەسەندكرا. 

بەشێك لەو سیناتۆرانەی پشتیوانیی پڕۆژە یاساكەیان كردووە، پێیانوایە، بەشدارییكردنی سوپای ئەمریكا لە جەنگی یەمەن یان پشتیوانیكردنی سەربازیی لە گورزە ئاسمانیەكانی سعودیە و هاوپەیمانەكانی دژی چەكدارانی حوسی، پێشێلكردنی دەستوری ئەمریكایە، چونكە وەك ئەوان ئاماژەی پێ دەكەن دەستوری ئەمریكا دەسەڵاتی داوەتە كۆنگرێس لە بڕیاردان لە جەنگ نەك سەرۆك. 

دوای پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە لە ئەنجومەنی پیران، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەرانیش پەسەندی بكات تا ببێت بەیاسا و رەوانەی كۆشكی سپی بكرێت.

رۆژی چوارشەممە كۆشكی سپی رایگەیاند: ئەگەر ئەو پڕۆژە یاسایە. ببێتە یاسا، ئەوا ترەمپ مافی ڤیتۆی لەدژ بەكاردەهێنێت، ئەوەش یەكەم جار دەبێت، كە ترەمپ لەماوەی سەرۆكایەتیەكەیدا ڤیتۆ لە دژی بڕیارێكی كۆنگرێس بەكاربهێنێت. 

334 جار خوێندراوەتەوە