پاره‌ دزراوه‌كه‌ گه‌ڕێنرایه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی شار

11:25 - 13/03/2019
کوردستان

ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ دوێنێ سێشه‌ممه‌ 12-3-2019 له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی ده‌مامكداره‌وه‌ دزرا گه‌ڕێنرایه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی شارو پاش كه‌مێكی تر دابه‌ش ده‌كرێت.

 

د. سه‌باح هه‌ورامی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند: پاره‌كه‌ گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی شارو له‌ داهاتوودا به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش ده‌كرێت.

 

 به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی وتیشی، چه‌ند كارمه‌ندێكی نه‌خۆشخانه‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ بانگهێشت ده‌كرێن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌.


دوای تێپەڕبونی كەمتر لە 24 كاتژمێر، پارە دزراوەكەی نەخۆشخانەی شار دۆزرایەوە و ئاسایش و پۆلیسی سلێمانیش رایانگه‌یاند: كە حەوت كەسیان بە تۆمەتی ئەو تاوانە دەستگیركردوە و سەرجەم پارەكەش گەڕێندراوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە كاتژمێر 9:00 سەرلەبەیانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە بۆ ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی رێكخرابوو وەستا حەسەن، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند: سەرجەم پارەكە بەبێ دەستكاری كردن دۆزراوەتەوە و بە هەماهەنگی تەواوی هێزە ئەمنیەكانیش توانراوە حەوت كەس، لەناو شاری سلێمانی و دەوروبەری، بە تۆمەتی دزینی ئەو بڕە پارەیە دەستگیر بكرێن.

وتیشی، ئەو كەسانەی ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە زۆرینەیان پێشینەی تاوان و كاری نایاساییان هەیە.

وەستا حەسەن راشیگه‌یاند: 10 رۆژ پێش ئەنجامدانى دزییەکە، باندەکە خۆیان ئامادە کردووە و بە رێکخراوەیى کاریان بۆ کردوە و نەخشەیان بۆ کێشاوە، کەسێکیش لە بانکەکە یان لە فەرمانگەکە جا بە راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ زانیارى پێداون.

515 جار خوێندراوەتەوە