بانكی نێودەوڵەتی: زیانی شەڕەكانی وڵاتانی عەرەبی گەیشتوەتە 900 ملیار دۆلار

09:08 - 12/03/2019
ئابوری

بانكی نێودەوڵەتی: وڵاتانی عەرەبی لە رووی دابەشكردنی داهاتەوە خراپترین وڵاتن

بانكی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت: زیانەكانی ئەو وێرانكارییانەی وڵاتە عەرەبییەكان كە بەهۆی شەڕەكانەوە كەوتونەتەوە لە ماوەی هەشت ساڵدا، گەیشتۆتە 900 ملیار دۆلار.

ئاژانسی هەواڵی كۆنا_ ی كوەیتی، لە زاری مەحمود محێدین، جێگری یەكەمی سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتیەوە بڵاویكردوەتەوە: زیانی شەڕو وێرانكارییەكانی وڵاتانی عەرەبی لەنێوان ساڵانی 2010 تا 2018 ، گەیشتوەتە 900 ملیار دۆلار.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردوە، وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئاستی جیهان لە رووی دابەشكردنی داهاتەوە خراپترین وڵاتن، بەجۆرێك لە سەدا 10 ی دەوڵەمەندەكانی وڵاتانی عەرەبی، دەستیان گرتوە بەسەر لە سەدا 60ی داهاتی نەتەوەییاندا.

دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە یەمەن و سوریا و لیبیا لە ساڵی 2011، ئەو وڵاتانە رووبەڕووی شەڕوپێكدادان بوونەتەوەو ئێستاش بەردەوامە، بە شێوەیەكی بەرچاو كاریگەریی لەسەر ئابووری و ژێرخانی ئەو وڵاتانە دروست كردوەو هاوكات شەڕی دژ بە داعش لە عێراق و سوریا، ژێرخانی ئەو دوو وڵاتەی توشی وێرانكاریی كردوەتەوە.

160 جار خوێندراوەتەوە