KNN زانیاری وردی لەسەر ڕوداوی ڕفاندنی پارەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شار بڵاودەكاتەوە

08:25 - 12/03/2019
کوردستان

زیاتر لەیەك ملیاردیناری موچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شاری سلێمانی ڕفێندرا 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە قەرەباڵغترین شەقامی ناو بازاڕی سلێمانی، زیاتر لە یەك ملیار دیناری موچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار لەلایەن باندێكەوە رفێنرا، تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە، KNN زانیاری ورد لەسەر روداوەكە بڵاودەكاتەوە.

كات یانزە و 55 پێنج خولەكی نیوەڕۆیە، رێك ئەو كاتەیە كە لیژنەی وەرگرتنی موچەی نەخۆشخانەی شار لەبانكی ڕەشید دەگەرێنەوە بۆنەخۆشخانە بەئۆتۆمبیلێكی جۆری مینی پاس.

لەم مینی پاسەدا جگە لە شۆفێرەكە، سێ كارمەندی تری تێدا بوە كە لیژنەی وەرگرتنی موچەی نەخۆشخانەكەبون.

سەرچاوەیەك بە KNN راگەیاند، پارەكە زیاتر لە ملیارێك دینار بوە لەناو دوو گونیەدا لەم پاسەدا بوە، كە موچەی هەزار و 772 كارمەند بوە.

لیژنەكە دوای ئەوەی پارەكە لە بانكی رەشید لەناو بازاڕی سلێمانی وەردەگرێت بە شەقامی گۆراندا دەرواتە سەرەوە و لە كۆتایی شەقامەكەدا ئۆتۆمبێلێكی جام رەش بە ژمارەیەكی رەشی باریكی ژمارە بەغداوە رێگا بە مینی پاسەكە دەگرێت.

ئەم شایەتحاڵە باس لە ساتی روداوەكە بۆ KNN دەكات.

ئێرە شوێنی ڕوادەوەكەیە ئەمەش ئاسەواری شكاندنی جامی ئۆتۆمبێلەكەیە .

30 خولەك دواتر مینی پاسەكە كە لەلایەن باندەكەوە بە پارەكەوە برابوو، لە گردی مامەیارە لەنزیك گۆڕستانی شەهیدانی سلێمانی لای گۆڕستانی مەسیحیەكان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دۆزرایەوە.

بەپێی زانیارییەكان لەم شوێنەدا ئۆتۆمبێلێكی قەمەرەی جۆری نیسان سدریك، چاوەڕێ‌ كردوە و دوای گەیشتنی پاترۆڵەكە و مینی پاسەكە پارەكە لە مینی پاسەكە دەرهێنراوە و خراوەتە سیدریكەكەوە و براوە و مینی پاسەكەش هەر لەو شوێنە جێهێڵراوە.

KNN زۆر هەوڵیدا هیچ كام لەدەزگا ئەمنیەكان لەئاسایش پۆلیس تەندروستی ئامادەنەبوو لێدوان بدەن.

6341 جار خوێندراوەتەوە