زیاتر لە 20 هەزار ئاوارەی عێراقی كە لە كەمپەكاندان لە سوریا دەگەڕێنرێنەوە زێدی خۆیان

05:05 - 12/03/2019
عێراق

بەرپرسێكی خاچی سوور: گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی عێراق بە ڕێككەوتنە لەگەڵ بەغداد
بەرپرسێكی خاچی سوور: لەناو ئاوارەكانی كەمپی هولدا 900 مناڵ هەن كە لە كەسوكاریان دابڕاون


بەرپرسێكی باڵا لە لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت: نزیكەی 20 هەزار هاوڵاتیی عێراقی لە كەمپەكانی سوریادان و چاوەڕوان دەكرێت لەچەند هەفتەی داهاتودا بگەڕێنرێنەوە وڵاتەكەیان، بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی خاچی سوری نێودەوڵەتی: زۆربەی ئەو خێزانە عێراقییانە ئەوانەن كە ساڵی 2014 لەكاتی داگیركردنی عێراق لەلایەن چەكدارانی داعش و لەترسی گروپە شیعە توندڕەوەكان، عێراقیان جێهێشتوە.


بەرپرسێكی باڵا لە لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت: نزیكەی 20 هەزار هاوڵاتیی عێراقی لە كەمپەكانی سوریادا هەن و چاوەڕوان دەكرێت لە چەند هەفتەی داهاتودا بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەكەیان، كە لەناویاندا ژن و مناڵ و چەكدارانی داعشیش هەن. ئەو بەرپرسەی خاچی سور ئاماژە بەوەش دەكات، گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییە عێراقییانە، بە گوێرەی ڕێككەوتنێكە لەگەڵ بەغداد.

لەچەند هەفتەی ڕابردودا، بونی هەزاران خێزان و كەسوكاری چەكدارانی داعش لە باغۆز، هێزەكانی سوریای دیموكراتی ناچاركرد كە هێرشەكانیان بۆسەر دواپێگەی داعش لەو ناوچەیە ڕابگرن، لەو ڕوەوە توانراوە هەزاران هاوڵاتی و ژن و مناڵ لەژێر دەستی گروپە تێرۆریستیەكان، ڕزگار بكرێن.

زوربەی ئەو خێزانە ئاوارانەی لەژێر دەستی داعش ڕزگاردەكرێن، دەگوێزرێنەوە بۆ كەمپی هول لە پارێزگای دێرزور‌و لەئێستاشدا كەمپەكە نزیكەی 65 هەزار ئاوارە لەخۆدەگرێت، زۆرێك لەو هاوڵاتیە عێراقیانەش كەئێستا لەسوریان، ساڵی 2014 بەهۆی مەترسی لەگروپە شیعە توندڕەوەكان، بەرەو سوریا هەڵاتون.

فابریزیو كاربونی بەڕێوەبەری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە: ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی عێراقی لە سوریا هەن كە ژمارەیەكیان لەكەمپی هول نیشتەجێ كراون كە بە نزیكەی 20 هەزار هاوڵاتی مەزندە دەكرێن.

ئەو بەرپرسەی خاچی سور ئاماژەی بەوەش كردوە، عێراق، نكوڵی لەگەڕانەوەی ئەو خێزانە عێراقییانە بۆ زێدی خۆیان ناكات، بەڵام چەندین ئاستەنگ و لەمپەڕ ڕوبەڕویان دەبێتەوە‌و لەهەموشیان گرنگتر، پرسی دابینكردنی ئاسایش و ئەمنیەتە بۆ خێزان ئاوارەكان و ئەنجامدانی پشكنینە بۆیان، ئەگەرچی كاتێكی دیاریكراو بۆ گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییە عێراقیانە دیاری نەكراوە، بەڵام پێدەچێت لەچەند هەفتەی داهاتودا ، بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە چەكدارانی داعشیشیان تێدایە.

بەرپرسەكەی خاچی سور، ئەوەش ناشارێتەوە كە لەناو ئاوارەكانی كەمپی هولدا، 900 مناڵ هەیە كە لە كەسوكاریان دابڕاون و زۆربەیان بەڕەچەڵەك نەوەی ئەو  چەكدارە داعشانەن كە لە ئەوروپاو خۆرهەڵات و باشوری ئاسیاوە چونەتە سوریا، ژمارەیەك لەو ومناڵانەش، بە چاوی خۆیان كوژرانی باوكیان لە جەنگەكانی داعشدا بینوە.

لەئێستادا زۆرێك لەوڵاتانی ئەوروپا، هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆئەوەی خێزان و چەكدارانی داعش كە ئێستا لەكەمپەكانی سوریا ماونەتەوە، بگەڕێننەوە وڵاتانی خۆیان، خاچی سوریش دوپاتی دەكاتەوە لەگەڕانەوەی چەكدارانی داعش و كەسوكارەكەیان، بنەماكانی مافی مرۆڤ و پرسی فەراهەمكردنی ئاسایش و ئارامیی و ڕەهەندی سیاسی  لەبەرچاو دەگرن.

140 جار خوێندراوەتەوە