مووچەی ته‌واوی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار دزرا

12:50 - 12/03/2019
کوردستان

له‌لایه‌ن هێزێكی ده‌مامكداره‌وه‌ مووچەی فه‌رمانبه‌رانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی درزا.


پەیامنێری KNN رایگەیاند: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەکاتی وەرگرتنی موچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار لە بانکی سلێمانی لە شەقامی سەرا، ئۆتۆمبێلێکی جامڕەش دوای ئەو ئۆتۆمبێلەی نەخۆشخانەکە کەوتوە و كه‌ هێزێکی دەمامکداری تێدابووه‌، ته‌واوی مووچەی پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی شار دەڕفێنن.

 

پەیامنێری KNN راشیگەیاند: لەبەردەم کەبابخانەی وەلی لە کۆتایی شەقامی ئۆرزدی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەکەیان بە زەبری هێز لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزاندوە و ئۆتۆمبێلەکەیان بە پارەکەوە رفاندووە، کە بڕەکەی یەک ملیار دینارە و مووچەی مانگی (12)ی ساڵی رابردووی پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شارە.

 

وتیشی، له‌ ئێستادا ئاسایش ئۆتۆمبێلی نەخۆشخانەکەی بە بەتاڵی دۆزیوه‌تەوە. 

په‌یامنێری KNN وتی: دوای رفاندنی ئۆتۆمبێلەکەی نەخۆشخانەی شار، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ئۆتۆمبێله‌كه‌یان لە گۆڕستانی مەسیحییەکان لە سلێمانی دۆزراوەتەوە، کە جۆری مینی پاسە، بەڵام پارەکەی تێدا نەماوە.

 

وێنه‌ی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شار كه‌ پاره‌كه‌ی تێدابووه‌


 

په‌یامنێری KNN رایگه‌یاند؛ به‌پێی وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان رفێنه‌ره‌كان ده‌مامكداربوون و چه‌كی جۆری ده‌مانچه‌ و چه‌ند جۆرێكی دیكه‌یان پێبوه‌ و یه‌كێك له‌ كارمه‌نده‌كانی ته‌ندروستی نكوڵی كردووه‌ له‌وه‌ی دابه‌زێت له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌، هه‌ر بۆیه‌ یه‌كێك له‌ جامه‌كانی ئۆتۆمبێله‌كه‌یان شكاندووه‌ و ده‌رگاكه‌یان كردوه‌ته‌وه‌ و به‌ فشار هه‌مویان دابه‌زاندون.

ئه‌م ئۆتۆمبێله‌ رۆژانه‌ هاتوچۆ به‌فه‌رمانبه‌رانی نه‌خۆشخانه‌ی شار ده‌كات (كه‌ ناسراوه‌ به‌ خه‌سته‌خانه‌ 400 قه‌ره‌وێڵه‌ییه‌كه‌) و ده‌كه‌وێته‌ باكوری شاری سلێمانی له‌سه‌ر شه‌قامی مه‌لیك مه‌حمود، ئه‌مڕۆش له‌كاتی گواستنه‌وه‌ی پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌، ته‌نها چه‌ند كارمه‌ندێكی نه‌خۆشخانه‌كه‌ی تێدابووه‌ و هیچ پاسه‌وانێكیان له‌گه‌ڵدا نه‌بوه‌.

 

12313 جار خوێندراوەتەوە