28 ساڵ لەمەوبەر خەڵكی هەولێر لە دژی رژێمی بەعس راپەڕین

08:21 - 11/03/2019
کوردستان

بەشداربوانی راپەڕینی هەولێر: دوای 28 ساڵ نیگەرانین لە دەسەڵاتی كوردی 

رۆژی 11ی ئازاری 1991، دوای راپەڕینی رانیەو پشدەر و سلێمانی و دەربەندیخان و شارۆچكەكانی دیكە خەڵكی قەڵاومنارە، بە هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگە، راپەڕینیان لە دژی رژێمی بەعس دەستپێكرد و لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا، دامودەزگاكانی رژێمی بەعسیان لە شارەكە، راماڵی و شارەكەیان ئازاد كرد.

بەشداربووانی راپەڕینی هەولێریش دوای 28 ساڵ لەو رووداوە مێژووییە، نیگەرانن لە دەسەڵاتی كوردی‌و وەك خۆیان دەڵێن: ئەو ئامانجانەی كە خەڵك راپەڕینیان بۆ كرد نەهاتنە دی.

بیست و هەشت ساڵ لەمەوبەر لەم ماڵە، پلانی راپەڕینی 11ی ئازاری ئازادكردنی شاری هەولێر ئەنجامدرا.

دوای (28) ساڵ بەشداربووانی راپەڕینی ئازاری 1991، نیگەرانن لە دەسەڵاتی كوردی و رایدەگەیەنن: راپەڕین ئەنجامەكەی خۆی نەپێكا كە ئازادی و سەربەستی و رزگاربوون لە زوڵم و زۆرداری بوو بەهۆی سیاسەتی حوكمڕانی دەسەڵاتی كوردی.

ئەو پێشمەرگانەی لەبەرەبەیانی 11ی ئازار كۆتاییان بە دامودەزگاكانی حزبی بەعس هێنا، داوا دەكەن، مێژوونووسان بە بەرپرسیارێتیەوە ئەم رووداوە تۆمار بكەن و بخرێتە پرۆسەی خوێندن.

لە رۆژی 11ی ئازار 1991 هاوشانی هێزەكانی پێشمەرگە، خەڵكی شاری هەولێر راپەڕین دژ بە دامودەزگاكانی حزبی بەعس و كۆتاییان هێنا بە هەموو زوڵم ‌سەركوتكردنێكی بەعس، بەڵام دوای 28 ساڵ، ئەوانەی بەشداری شۆڕش‌و راپەرینە بوون، نیگەرانن لەدەسەڵاتی كوردی كە بەدەیان كێشەو گرفتی دروست كردووەو بۆتە هۆی نەپێكانی ئامانجەكانی راپەڕین.

888 جار خوێندراوەتەوە