بەغداد: ئەمڕۆ وەرزی نوێی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێدەكات

08:55 - 09/03/2019
عێراق

فەرمانگەی راگەیاندن: سەرۆكی كۆمارو وەزیران‌ و ئەنجومەنی دادوەریی ئامادە دەبن 

 بڕیارە ئەمڕۆ شەممە یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەوەرزی دووەمی یاسادانان دەستپێبكاتەوە. سەرۆك كۆمار‌و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ئامادەی دانیشتنەكە دەبن.

بەپێی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە كە فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردوەتەوە, دانیشتنەكە بەوتەیەكی سەرۆك كۆمار دەستپێدەكات. 

بڕیارە سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و هەردو سەرۆكی دیوانی چاودێریی‌و دەستەی دەستپاكیی بەوەكالەت ئامادەی دانیشتنەكە بن و لەگەڵ پەرلەمانتاران باس لەهەوڵەكانی روبەڕوبونەوەی گەندەڵیی بكرێت. هەروەها هەڵسەنگاندن دەكرێت بۆ كارەكانی حكومەت و ئەنجومەنی باڵای دادوەریی. 

بەپێی چەند سەرچاوەیەك, چاوەڕێ دەكرێت ئەنجومەنی نوێنەران لەوەرزی نوێدا, سەرۆكایەتی لیژنەكان یەكلایی بكاتەوەو كابینەی حكومەت تەواو بكرێت.

121 جار خوێندراوەتەوە