هەفتەی داهاتوو بەغدا 522 ملیار رەوانەی هەرێم دەكات

08:01 - 07/03/2019
ئابوری

سەرچاوەیەك لە حكومەتی هەرێم بۆKNN  :موچەی مانگی یەكی 2019 بێ‌ پاشەكەوت دەدرێت

 هەفتەی داهاتوو 522 ملیار دینارەكەی بودجە لەبەغداوە دەگاتە هەرێم، سبەینێش ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ پرسی هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە كۆدەبێتەوە، سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، موچەی مانگی یەكی 2019 بەبێ‌ پاشەكەوت دابەش دەكرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست KNN كەوتوە،  ئەمرۆ پێنج شەممە وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی ئاگاداركردوەتەوە، كە بەشی یەكەمی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق  كە بڕەكەی 522 ملیاردینارە رەوانەی هەرێم دەكات، بەو هۆیەوە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم  وەزیرەكانی ئاگاداركردوەتەوەكە سبەینێ‌ هەینی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەرێوەدەچێت.

 

یەكێك لەوەزیرەكانی حكومەتی هەرێم زانیاریەكەی بۆ KNN  پشت راستكردەوە رایگەیاند، سبەینێ‌ بۆگفتوگۆكردن لەبارەی لابردنی پاشەكەوتی موچە كۆدەبنەوە .

 

هەر سەبارەت بەلابردنی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بە KNN ی راگەیاند، موچەی مانگی دوانزەی 2018 كە ئێستا دەستیپێكردوە وەك خۆی بە پاشەكەوتەوە دەبێت، بەڵام موچەی مانگی یەكی ساڵی 2019 بێ‌ پاشەكەوت دەبێت.

10217 جار خوێندراوەتەوە