وەزارەتی تەندروستی ئێران: 15%ی مردنەكان لە ئێران بەهۆی شێرپەنجەوەن

05:51 - 04/03/2019
تەندروستی

وەزارەتی تەندروستی ئێران: زۆرترین ژمارەی تووشبوانی شێرپەنجە لە ئەمریكان


بە وتەی پسپۆرانی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، شێرپەنجە دووەم هۆكاری مردنە لەسەر ئاستی جیهان و ساڵ بە ساڵیش رێژەكە زیاد دەكات.

شێرپەنجە بە هەموو جۆرەكانییەوە، یەكێكە لەو نەخۆشییانەی چارەسەركردنی زەحمەتە و ژمارەی توشبوان بەرەو زیادبوون دەچێت.

بەگوێرەی داتای بەشی تۆماری شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی ئێران، تێكڕای ساڵانەی تووشبووانی شێرپەنجە بە هەموو جۆرەكانییەوە لە ئێران، 158 كەسە لە كۆی 100 هەزار كەس.  

هەروەها لەسەر ئاستی هەر پێنج كیشوەرەكەش، تێكڕای تووشبووان 182 كەسە لە كۆی 100 هەزار كەس.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی، زۆرترین ژمارەی تووشبووان لە ئەمریكایە كە 318 كەس دەكات لە كۆی 100 هەزار كەس.

ئاماژەی بەوەش داوە، كە مەترسیدارترین جۆری شێرپەنجە، بریتیە لە شێرپەنجەی بەشەكانی هەناوی و مێشك و مەمك و پرۆستات.

ئاژانسەكە ئاشكرای كردوە: لەكۆی 360 هەزار كەس كە ساڵی رابردوو لەئێران مردوون, 54 هەزار كەسیان بەهۆی شێرپەنجەوە بوە.

هەر لە راپۆرتەكەدا هاتوە، نەخۆشیەكانی دڵ و شێرپەنجە و شەكرە و نەخۆشییەكانی تەنگەنەفسی، هۆكاری دوو لەسەر سێی مردن لە جیهاندا.

259 جار خوێندراوەتەوە