بەرپرسێكی رێكخراوی بەدر: ئەمریكا راهێنان بە چەكدارانی داعش دەكات

05:05 - 03/03/2019
عێراق

بەرپرسێكی ڕێكخراوی بەدر رایدەگەیەنێت، زیاتر لە هەزار چەكداری داعش، لەلایەن ئەمریكاوە راهێنانیان پێدەكرێت.

قوسەی ئەنباری، بەڕێوەبەری نووسینگەی رێكخراوی بەدر رایگەیاند: زیاتر لە هەزار چەكداری داعش لە پارێزگای ئەنبار، لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە راهێنانیان پێ دەكرێت‌و دەشڵێت: دۆخی چەكدارانی داعش، زۆر باشەو هێزە ئەمریكییەكانیش هێڵی سوریان بە دەوری ئەو ناوچەیەدا كێشاوەو هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت بگاتە ئەو ناوچەیەی راهێنانەكەی تێدا دەكرێت.

ئەنباری، روونیشیكردوتەوە، پێشتر ئەو بابەتە بەنهێنی و شاراوە باسی لێوەدەكرا، بەڵام ئێستا ئاشكرایەو پێویستە حكومەتی عێراقیش چارەسەرێكی بۆ بدۆزنەوە. 

لێدوانەكەی ئەو بەرپرسەی رێكخراوی بەدر لەكاتێكدایە، كە ڕێكخراوی بەدر پێشتر كێشەیان لەگەڵ ئەمریكییەكان هەبوەو خۆشیان بە لایەنگری ئێران تۆمەتبار دەكرێن.

ئەوەش لە كاتێكدایە، هەفتەی رابردوویش سایتی عەرەبی پۆست بڵاوی كردەوە، هێزەكانی ئەمریكا لەسەربازگەكانی عەینول ئەسەد و حەبانییە، راهێنان بە زیاتر لە هەزار چەكداری داعش دەكەن.

823 جار خوێندراوەتەوە