ئیندۆنیزیا یه‌كشه‌ممان چالاكی "رۆژی بێ ئۆتۆمبێل" به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

03:03 - 24/02/2019
گەلەری

چالاكی "رۆژی بێ ئۆتۆمبێل" كه‌ رۆژانی یه‌كشه‌ممان‌ له‌ ئیندۆنێزیا جێبه‌جێ ده‌كرێت له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ گرنگییه‌كی زۆری پێده‌درێت.

شه‌قام و رێگاكانی جاكارتای پایته‌ختی ئیندۆنێزیا له‌ چوارچێوه‌ی چالاكی "رۆژی بێ ئۆتۆمبێل"دا هه‌موو رۆژانێكی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ نێوان كاتژمێر 06:00-11:00 به‌یانی به‌ڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا داده‌خرێن.

له‌و چالاكییه‌دا كه‌ چه‌ندین چالاكی وه‌رزشیی وه‌ك پاسكیلسواری، به‌پێ رۆشتن و راكردن ئه‌نجام ده‌درێت، هاوكات چه‌ند چالاكییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیش ئه‌نجام ده‌درێت و هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌س به‌شداری تیادا ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها خه‌ڵكی به‌ كه‌یفخۆشی به‌نێو شه‌قامه‌كانی شاردا ده‌گه‌ڕێن كه‌ رۆژانی دیكه‌ قه‌ره‌باڵغه‌ و ئۆتۆمبێل تیایاندا هاتوچۆ ده‌كات.

ئه‌و چالاكییه‌ كه‌ حكومه‌ت به‌ مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی پیسبوونی هه‌وا له‌ ساڵی 2007دا ده‌ستیپێكرد، به‌پێی كات گۆڕدرا بۆ چالاكی وه‌رزشی.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌و چالاكییه‌دا كه‌ رێگه‌ به‌ چه‌ند چالاكییه‌كی دیاریكراو دراوه‌، رێگه‌ به‌ خۆپیشاندان و چالاكیی سیاسیی و ئاینی نادرێت و جگه‌ره‌ كێشانیش قه‌ده‌غه‌یه‌.
به‌درێژایی چالاكییه‌كه‌ سه‌دان كارمه‌ند چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن دژبه‌ هه‌ر كرده‌ و جوڵانه‌وه‌یه‌ك كه‌ ئارامی خه‌ڵكی تێكبدات.

جاكارتا كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی 10 ملیۆن کەسه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ قه‌ره‌باڵغترین شاره‌كانی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا، رۆژانه‌ تێكڕا نزیكه‌ی 19 ملیۆن ئامێری بزوێنه‌دار تیایدا هاتوچۆ ده‌كه‌ن.

254 جار خوێندراوەتەوە