ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارەكانی داعش لەسوریاوە دزەیان كردوە بۆ ناو عێراق

08:11 - 22/02/2019
عێراق

بۆ رێگریكردن لەدزەكانی چەكدارەكانی داعش 20000هەزار سەربازی عێراق لەسەر سنور جێگیركراون
لەماوەی شەش مانگی رابوردودا لانیكەم 1000 چەكداری داعش دزەیان كردوە
یەحیا رەسوڵ: بەدڵنیاییەوە داعش دەستدەكاتەوە بەجموجوڵ


لەگەڵ دڵنیابونەوە لەوەی لەسوریا بەیەكجاری شكستیانهێناوە، چەكدارەكانی داعش  لەڕێی بیابانەكانی خۆرئاوا بەژمارەی زۆر دزەدەكەن بۆ ناو عێراق.

 

هەرچەندە بۆ رێگریكردن لەو دزەكردنە سوپای عێراق هەزاران سەربازی لەسەر سنورەكانی لەگەڵ سوریا بڵاوكردوەتەوە، تەنیا لەماوەی شەش مانگی رابوردودا سەدان چەكداری داعش گەڕاونەتەوە‌و لەچوار پارێزگای عێراق هێرش دەكەنە سەر خاڵەكانی پشكنین‌و خەڵك دەكوژن‌و دەڕفێنن.

دوای ئەوەی چەكدارەكانی داعش دڵنیابونەتەوە لەشكستی سەربازییان لەسوریا، دەستیانكردوە بەدزەكردن بۆ ناو عێراق. بەگوێرەی قسەی لێپرسراوەكانی عێراق‌و ئەمریكا، لەماوەی شەش مانگی رابوردودا لانیكەم هەزار چەكداری ئەو رێكخراوە لەسنوری بیابانەكانی عێراق‌و سوریا دزەیانكردوە.

ئەوە لەكاتێكدا لەماوەكانی رابوردو چەكدارەكانی داعش لانی كەم لەپارێزگاكانی موسڵ‌و سەڵاحەدین‌و كەركوك‌و دیالە دەستیانكردوەتەوە بەجموجوڵ لەڕێی رفاندن‌و كوشتن‌و دانانەوەی بۆمب لەسەر رێگاكان بەمەبەستی ترساندنی هاوڵاتیان‌و پارەسەندن لەكەسوكاری رفێنراوەكان.

عەمید یەحیا رەسوڵ وتەبێژی سوپای عێراق دڵنیایە لەوەی بەهۆی فشارەكانی سەری لەسوریا، داعش لەعێراق دەستدەكاتەوە بەجموجوڵ.

لێپرسراوێكی دەزگای هەواڵگری عێراق بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی وتوە، ژمارەی چەكدارەكانی داعش لەنێوان پێنج هەزار بۆ حەوت هەزارەو لەناوچە سەخت‌و دورەدەستەكان خۆیان حەشارداوە.

لەسوریا شەڕڤانانی هەسەدە بەپشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوامن لەگەمارۆدانی چەكدارەكانی داعش لەناوچەیەكی بچوك لەگوندی باغۆزی سەرسنور‌و سەر دەریای فورات. لەبەرامبەردا سوپای عێراق لەقەزای قایمقامی سنوری جێگربون.

هەرچەندە عێراق زیاتر لە 20 هەزار سەربازی لەسەر سنور بڵاوكردوەتەوە بەڵام دزەكردنی چەكدارەكانی داعش بەردەوامە بەتایبەتی لەرێی تونێل لەشەودا.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس:  چەكدارە پەراگەندەكانی داعش چەكی سوك‌و پارە لەگەڵا خۆیان دێنن‌و لەعێراقیش ئەو پارەو چەكانە دەردەهێننەوە كە پێشتر لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان شاردویانەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی لەمانگی كانونی یەكەمی 2017، عێراق سەركەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند دوای كۆنترۆڵكردنەوەی دوایین پێگەیان لەئێستادا رێكخراوە دەستیكردوەتەوە بە جموجوڵ. بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، لەماوەی مانگی رابوردو، رێكخراوەكە 9 كردەوەی سەربازی ئەنجامداوە‌و زۆر جاریش لەڕێی تۆڕی سۆشیال میدیای تێلیگرامەوە بەشانازییەوە باسیان لەو كردەوانە كردوە.  لە روداوێكدا لەگوندی تەل عوسفور لەناحیەی بادوشی پارێزگای نەینەوا دو برایان كوشت بەتۆمەتی ئەوەی زانیارییان لەسەر داعش داوە بە سوپا.

لەروداوێكی تریشدا چەكدارەكانی داعش چەند موختارێكی گوندەكانیان كوشتوەو پەلاماری خاڵەكانی پشكنینیان داوە‌و خانوی ئەندامانی هێزە عێراقییەكانیان سوتاندوە.
لەقەزای شەرقاتیش مانگی رابوردو چەكدارەكانی داعش ئۆتۆمبیلێكی پۆلیسیان راگرت كەشەش پۆلیسی تیادابو سەرجەمیان كوشتن.

لەهەنگاوێكی تریشدا بەئامانجی دۆزینەوەی سەرچاوەیەكی دارایی، هەفتەی رابوردو چەكدارەكانی داعش 12 كەسیان لەخۆرئاوای پارێزگای ئەنبار رفاند كە بۆ كۆكردنەوەی دومەڵان چوبونە ئەو ناوچەیە.

بەگوێرەی پەرلەمانتارێكی پارێزگای ئەنبار، چەكدارەكانی داعش لەبەرامبەر رێگەدان بەو كەسانەی دومەڵان كۆدەكەنەوە بڕێك پارەیان لێدەسێنن‌و ئەوانەش دەیكوژن كە ئامادەنین ئەو پارەیە بدەن.

هانز جیكۆب شندلەر راوێژكاری پێشوی ئەنجومەنی ئاسایش‌و ئەندامی پرۆژەی روبەڕوبونەوەی توندڕەوی دەڵێت: داعش گەڕاوەتەوە بۆ ستایلی كۆن‌و هێرشە تیرۆریستیە تەقلیدیەكان‌و رفاندنی خەڵك بۆ داواكردنی پارەو ئەو تەكنیكەی پێشتر بەكاریانهێناوە.

دوای ئەوەی رۆژی 19ی كانونی یەكەمی رابوردو، ترەمپ بەڵێنیدا هێزەكانی وڵاتەكەی لەعێراق بكێشێەوە، ژمارەیەك لەنوێنەرانی پەرلەمانی عێراق كەوتنەخۆ بۆئەوەی داوای كشانەوەی ئەو هێزانەش بكەن لەعێراق بەپاساوی ئەوەی ئەركەكانیان لەدژی داعش خەریكە تەواو دەبێت. بەڵام لەگەڵا دەستپێكردنەوەی جموجوڵەكانی داعش لەناو عێراق، ئەو دەنگانە كپ بونەتەوە.

894 جار خوێندراوەتەوە