كاری نۆژەنكردنەوە لە بینای نەخۆشخانەی گشتیی دەربەندیخان وەستاوە

08:28 - 21/02/2019
تەندروستی

دەربەندیخان؛ نەبوونی بینای تەندروستی پێویست یەكێكە لە گرفتە سەرەكیەكانی قەزاكە

دوای زیاتر لە ساڵێك لە روداوی بومەلەرزەكەی دەربەندیخان و ناوچەكانی دیكەی كوردستان, تا ئێستا بینای نەخۆشخانەی گشتی ئەو قەزایە كە بەوهۆیەوە زیانی بەركەوتبوو نۆژەن نەكراوەتەوە, لە ئێستاشدا دوو دوو مەڵبەندی تەندروستی و نەخۆشخانەی گشتی قەزاكە لە یەك بینادا كۆكراونەتەوە.

بەرپرسانی نەخۆشخانەكەش دەڵێن: بەهۆی نەبونی هۆڵی نەشتەرگەرییەوە, لەو ماوەیەدا هیچ جۆرە نەشتەرگەرییەك لە نەخۆشخانەی گشتی قەزاكە ئەنجام نەدراوە و زۆربەی نەخۆشەكانیشیان رەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی دەكەن.

بینای نەخۆشخانەی گشتی دەربەندیخانە, ئەم بینایە بەهۆی ئەو زیانانەی بومەلەرزەكەی مانگی یانزەی ساڵی 2017 پێی گەیاندوە زیاتر لە ساڵێكە  بە چۆڵكراوی ماوەتەوە.

 وا بڕیاربوو، لە مانگی رابردوودا كاری نۆژەنكردنەوە لەم بینایەدا تەواو بكرێت، بەڵام لە ئێستادا كاركردن تێیدا راگیراوە.

لە دوای بومەلەرزەكەوە، دوو مەڵبەندی تەندروستی و نەخۆشخانەی گشتی دەربەندیخان لە یەك بینادا كۆكراونەتەوە، ماوەی زیاتر لە ساڵێك و دوو مانگیشە، بەهۆی نەبونی هۆڵی نەشتەرگەرییەوە، هیچ جۆرە نەشتەرگەرییەك لە نەخۆشخانەی گشتی قەزاكە ئەنجام نەدراون، ئەمە جگە لەوەی هێشتا گرفتی نەبونی شوێنی مانەوەی پزیشك و كەمی پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشخانەكەدا چارەسەر نەكراون.

مانەوەی گرفتەكانی كەرتی تەندروستی قەزای دەربەندیخان بە چارەسەر نەكراوی، هۆكارن بۆ ئەوەی وەكو پێویست هاوڵاتیانی قەزاكە نەتوانن سودمەند بن لە خزمەتگوزارییە تەندروستیەكان.

چارەسەركردنی بەشێكی زۆری گرفتەكانی كەرتی تەندروستی قەزای دەربەندیخان بەستراوەتەوە بە نۆژەنكردنەوەی بینانی نەخۆشخانەی گشتی قەزاكە، بەڕێوبەری تەندروستی دەربەندیخان دەڵێت: بەهۆی ئەوەی پارەی پێویستی بۆ  دابین نەكراوە كاركردن لە نۆژەنكردنەوەی بینای نەخۆشخانەكەدا راگیراوە.

ئەو گرفتانەی لە كەرتی تەندروستی دەربەندیخان بونیان هەیە, هۆكارن بۆ ئەوەی زۆترین حاڵەتەكانی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی قەزاكەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی بكرێن بەجۆرێك تەنها لە مانگی (1) ئەمساڵدا (76 ) جار نەخۆش لە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی دەربەندیخانەوە بۆ چارەسەر رەوانەی سلێمانی كراون.

263 جار خوێندراوەتەوە