عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح په‌یامێك ئاراسته‌ی ده‌نگده‌رانی گۆڕان ده‌كات

09:38 - 17/02/2019
کوردستان

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، سه‌رۆكی فراكسیۆن و ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری گۆران په‌یامێك ئاراسته‌ی ده‌نگده‌رانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات.

ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی عه‌لی حه‌مه‌ ساڵحه‌:

هاوڕێیانی ئازیز، ده‌نگده‌رانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان 

 به‌ درێژای دانوستانه‌کان، له‌ وردبوونه‌وه‌دا بوین له‌ کۆی به‌رنامه‌کانی گۆڕان له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌کاندا، له‌ ڕاوێژدابوین له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی شاره‌زا. 
کۆی قه‌ناعه‌ته‌کانی خۆمان له‌ ڕێککه‌وتنی سیاسی و به‌رنامه‌ی حکومه‌ت جێگیرکردووه‌، به‌ سێکته‌ر سێکته‌رو سه‌قفی زه‌مه‌نی. 

ئێمه‌ حیزبی به‌رنامه‌و پرۆژه‌یه‌ن، زۆر که‌س دڵخۆشی خۆی به‌ که‌وتنی ئه‌م پرۆژه‌ سیاسیه‌ ده‌رده‌بڕی، به‌ که‌مبوبونه‌ی کورسیه‌کانی گۆڕان دڵخۆش بوون، به‌ڵام کۆی به‌رنامه‌که‌مان جێگیرکرا، ئه‌مه‌ش سه‌رکه‌وتنی گۆڕانه‌. 

به‌دڵنیایی له‌ ١٠٠ ڕۆژی یه‌که‌می حکومه‌تدا ئاسۆی ئه‌م چاکسازیه‌ به‌ هه‌نگاوی کرده‌ی ده‌بیندرێت و یه‌که‌م یاساش چاکسازیه‌. 

بۆ پشک و به‌رکه‌وته‌کانیش، گۆڕان له‌ سه‌رۆکایه‌تیه‌کانه‌وه‌ تا به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌کان پشکی ده‌بێت به‌پێی ڕێژه‌ی خۆی. 

له‌ دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی، ئه‌منی و سه‌ربازی، دارایی و ئابوری و چاکسازی، خزمه‌تگوزاریه‌کان، به‌ هێزه‌وه‌ بوونی ده‌بێت. 

جێگیرکردنی به‌رنامه‌که‌مان و ئاماده‌بوون له‌ هه‌موو جومگه‌کانی حوکمڕانی به‌ ١٢ کورسی، سه‌رکه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و وه‌فدی دانوستانکاره‌.. 

تۆی هاوڕێ و هه‌ڵسوڕاو که‌پێکه‌وه‌ ماندووبوین بۆ سه‌رخه‌ستنی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌، تۆی ده‌نگده‌ر به‌ ئومێده‌وه‌ متمانه‌ت به‌م بزوتنه‌وه‌ به‌خشی؛ دڵنیابه‌ ئه‌وه‌ی له‌ بانگه‌شه‌دا بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری وتمان جێگیرمانکردوه‌ له‌ به‌رنامه‌ی حکومه‌ت. 

دڵنیابن فراکسیۆنه‌که‌شتان چاوێکی تیژی ده‌بێت، کارمان دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی و نادادی ده‌بێت و پرۆژه‌شمان بۆ چاکسازی و خزمه‌ت ده‌بێت. 

13754 جار خوێندراوەتەوە