12ی شوباتی هەموو ساڵێك ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەسەربازكردنی منداڵانە

08:49 - 12/02/2019
جیهان

250 هەزار منداڵ لە جیهاندا كراون بە سەرباز  
زۆرترین ژمارەی منداڵانی بەسەربازكراو لە ئەفریقایە


250 هەزار مناڵ لە جیهاندا، كراون بە سەرباز و بەگوێرەی یەكێك لە بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی یونیسێفیش، لە 20 وڵاتدا مناڵان لەلایەن میلیشیاكانەوە كراون بەسەرباز و ناچاركراون كە بجەنگێن یاخود لەجەنگەكاندا یارمەتی جەنگاوەرەكان بدەن یان كاری سیخوڕیان بۆ بكەن. بە سەربازگرتنی منداَلان لە ئەفریقاو ئاسیاو ئەمریكای لاتین و ئەوروپاش بونی هەیە، بەڵام زۆرترین ژمارە لە وڵاتانی ئەفریقایە.. 


زیاتر لە 250 هەزار مناڵ لە جیهاندا، كراون بە سەرباز، ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ مناڵان ناسراو بە (یونیسێف) ڕایگەیاند: لە هەوڵی ئازادكردنی ئەو مناڵانەدایە كە لەسەرتاسەری جیهان كراون بە سەرباز و سەرلەنوێ گەڕاندنەوەیان بۆ ناوكۆمەڵگە، بەپێی ئامارەكانی ئەو ڕێكخراوەش: زیاتر لە 250 هەزار مناڵ لە جیهاندا كراون بەسەرباز ، هاوكات لای خۆیەوە یەكێتی ئەوروپا داوای لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، مناڵان لە بەسەربازگرتن لە جەنگەكان و دەستدرێژی سێكسی بپارێزن.

 ڕێكخراوی یونسێف لە ساڵی2013 وەتائێستا، توانیویەتی 3 هەزار مناڵ لە بەسەربازگرتن ڕزگار بكات، لەگەڵ میلیشیاكانی كۆنگۆی دیموكراتیش لە گفتوگۆدایە بۆ ئازادكردنی زیاتر لە 1500 مناڵ كە تێیاندایە تەمەنی لە 7 ساڵ تێپەڕ ناكات.

بەگوێرەی یەكێك لە بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی یونسێف: لە نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2007 لە 20 وڵاتدا، مناڵان لەلایەن میلیشیاكانەوە كراون بە سەربازو ناچاركراون كە بجەنگێن یاخود لەجەنگەكاندا یارمەتی جەنگاوەرەكان بدەن یان كاری سیخوڕیان بۆ بكەن. 

بەگوێرەی ڕێكخراوی (مناڵانی سەرباز)  مناڵانی بەسەربازكراو لەهەموو ئەو ناوچانەدا هەن كە جەنگ و ملمڵانێیان تێدایەو ئەفریقاش زۆرترین ژمارەی مناڵانی بەسەربازكراوی لەخۆگرتوە وەك  (بۆرندی ،  ئەفریقای ناوەراست، چاد، كۆنگۆی دیموكرات، ڕواندا ، سۆماڵ، سۆدان ، ئۆغەندا)‌و هەربەهۆی جەنگیشەوە لەخۆرهەڵاتی كۆنگۆ، زیاتر لە 1 ملیۆن مناڵ نەیانتوانیوە بخوێنن.

لە ئاسیاش هەزاران مناڵ بەشداری جەنگەكانیان پێ دەكرێت، میانماریش بەو پێیەی سیستمێكی عەسكەرتاری بەڕێوەی دەبات، مناڵانی تەمەن 12 بۆ 18 ساڵی ناچار دەكرێن لەسوپادا بەشداری بكەن، لە وڵاتانی وەك ئەفغانستان و بەنگلادیش و هندستان و ئەندۆنیزیاو نیپاڵ و فلیپین و تایلاندیش بەسەربازگرتنی  مناڵان بوونی هەیە.

ڕێكخراوی (مناڵانی سەرباز) ئاماژە بەوەش دەكات: لە سریلانكا سەدان هەزار مناڵ لەناو ڕیزەكانی ئۆپۆزسیۆندا ناچاردەكرێن بەشێوەی خۆبەخشی ببنە سەرباز، ئەوە سەباری ئەوەی مناڵانی سەرباز لە ئێران و عێراق و ئیسرائل و فەڵەستین و یەمەن و سووریاش هەیە و لە ئەمریكای لاتینیش 14 هەزار مناڵ لەناو ڕیزەكانی هێزە چەكدارەكانی كۆڵۆمبیا هەن. 

ئەوروپاش بێ بەش نیە لەم پێشێلكاریانەو مناڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ لەناوڕیزەكانی سوپای توركیاو چیچانیشدا هەیە، هاوكات چەندین گرتەی ڤیدیۆییدا بڵاوبۆتەوە كە گروپی چەكدارانی داعش، مناڵان هاندەدەن بۆئەوەی بچنە ڕیزەكانیان و لەجەنگ و كردەوە تێرۆریسیتەكانیشدا بەكاریان دەهێنن.

 ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئاشكرای دەكەن، لەسەروبەندی داگیركردنی موسڵ و تەنیا لەساڵی 2015دا 900 مناڵ فڕێنراون و لەجەنگەكاندا بەكارهێنراون و بەوهۆیەشەوە دەیان مناڵیان لێ كوژراوە. 

ڕێكخراوی یونسێف
* ڕێكخراوی یونسێف بڵاوی كردوەتەوە تەنیا لەچارەكی یەكەمی ساڵی 2016 دا لە عێراق 400 منداڵ كراون بە سەرباز. 
* حوسییەكانی یەمەنیش لەدوای ساڵی 2014 وە 2369 منداڵیان كردوە بە سەرباز.
* لە ساڵانی ڕابردووش 5 هەزارمنداڵ لە لیبیا كراون بەسەرباز.
* لە نەیجیریا میلیشیاكانی بۆكۆحەرام تەنیا لەسەرەتای
ساڵی2018دا 83 منداڵیان كردوە بە سەرباز.
*لە باشووری سودان زیاترلە 20 هەزار منداڵی بەسەربازكراو هەیە .
* %40ی منداڵانی بەسەربازگیراو كچن.

198 جار خوێندراوەتەوە