تره‌مپ به‌ فارسی ڕه‌خنه‌ له‌ ئێران ده‌گرێت و زه‌ریف به‌ ئینگریزی وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌

08:44 - 12/02/2019
جیهان

دۆناڵد ترەمپ تویتێكی بە زمانی فارسی بڵاوكردەوە 
دۆناڵد ترەمپ: رژێمی ئێران خاوەنی 40 ساڵ شكستە
دۆناڵد ترەمپ: ئێرانییەكان شایستەی ئایندەیەكی گەشترن
جەواد زەریف: 40 ساڵە ئەمریكا شكستی هێناوە لەگەڵ راستیدا خۆی بگونجێنێت
جەواد زەریف: كاتی ئەوەیە ترەمپ دووبارە بیر لە سیاسەتی شكستخواردووی ئەمریكا بكاتەوە


سەرۆكی ئەمریكا، هێرشی توند دەكاتە سەر ئێران و 40 ساڵی رابردوی ئەو وڵاتە، بە ماوەیەكی پر لە گەندەڵی شكست و سەركوتكردن ناودەبات، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش وەڵامی دایەوە و رایگەیاند: دوای 40 ساڵ لە بژاردە هەڵەكان، كاتی ئەوە هاتوە دۆناڵد ترەمپ، دووبارە بیر لە سیاسەتی شكستخواردووی وڵاتەكەی بكاتەوە..

لە توتێكدا كە بە زمانی فارسی بڵاوی كردۆتەوە: دۆناڵد ترەمپ، نوسیویەتی، 40 ساڵ گەندەڵی، 40 ساڵ سەركوتكردن، 40 ساڵ تیرۆر ‌و راشیگەیاندوە: رژێمی ئێران خاوەنی 40 ساڵ شكستە.

لە بەشێكی دیكەی تویتەكەیدا دەڵێت: ئێرانییەكان ماوەیەكی زۆرە دەناڵێنن‌و شایستەی ئایندەیەكی گەشترن.

لەبەرامبەردا، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەتویتێكدا وەڵامی دۆناڵد ترەمپی، دایەوە و هەمان هاشتاگی ئەوی بەكارهێناوەتەوە و نوسیویەتی، 40 ساڵ لە شكست لەوەی سیاسەتی ئەمریكا خۆی لەگەڵ راستیدا بگونجێنێت و  40 ساڵ لە شكست لە ناسەقامگیركردنی ئێران لە رێگەی خوێن و سامانەوە، بەڵام ئێرانییەكان هیچكات ناگەڕێنەوە بۆ ژێردەستەیی.

ئاماژەی بەوەش كردوە: دوای 40 ساڵ لە بژاردە هەڵەكان، ئێستا كاتی ئەوەیە دۆناڵد ترەمپ دووبارە بیر لە سیاسەتی شكستخواردووی ئەمریكا بكاتەوە.

3479 جار خوێندراوەتەوە