هەولێر؛ پارتی ‌و كۆمەڵی ئیسلامی كۆبوونەوە

08:13 - 12/02/2019
کوردستان

كۆمەڵی ئیسلامی: بەشداریی كۆبوونەوەی رۆژی 18ی مانگی پەرلەمان دەكەین
وتەبێژی پارتی: هیچ ساردییەك نییە لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەی 18ی مانگی پەرلەمان


دوای كۆتاییهاتنی كۆبونەوەكەی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری هەولێر, وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند: هیچ ساردیەك نییە بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی 18ی مانگ كە تایبەتە بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و جەختیش دەكاتەوە كە كۆبونەوەی لایەنە سیاسیەكانی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، بەردەوامییان هەیە.

كۆمەڵی ئیسلامییش ئاشكرای دەكات: فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمانی كوردستان، بەشداری كۆبونەوەكەی 18ی مانگ دەبێت و پێكهێنانی حكومەتیش تەوەرێكی كۆبونەوەكەیان بوە..

شاندێكی باڵای كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، سەردانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد و گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان ‌و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كرد، دوای كۆبوونەوەكە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: تا ئێستا كۆبوونەوەكانی لایەنە سیاسیەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت، باش بەڕێوەدەچن و هیچ ساردیەكیش نییە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی 18ی مانگ كە تایبەتە بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان.

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا، وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان رایگەیاند: فراكسیۆنەكەیان لەپەرلەمانی كوردستان، بەشداری كۆبوونەوەكەی 18ی مانگ دەبێت و لەكۆبوونەوەكەشیان لەگەڵ پارتیدا، گفتوگۆیان لەسەر پێكهێنانی حكومەت كردوە.

تائێستا زۆرینەی ئەو حزبانەی كورسیی پەرلەمانی كوردستانیان بەدەستهێناوە، ئامادەن بۆ بەشداركردنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ‌و وایش بریارە 18ی ئەم مانگە، پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێریت و دواتر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتەوەو كاندیدی سەرۆكی حكومەت رادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانەی كابینە تازەكەی.

186 جار خوێندراوەتەوە