تووری شارەزوور

03:05 - 12/02/2019
هەمەڕەنگ

جووتیارانی دەشتی شارەزوور سەرقاڵی چنینەوەی بەربوومی تووری ئەمساڵیانن و تەنھا لە گوندێکی ئەو ناوچەیەدا ساڵانە 600 تا 700 تۆن توور بەرھەم دەھێنرێت.

دەشتی شارەزوور لە سنووری ھەڵەبجە بە یەکێک لە خاکە پڕ بە پیتەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت و رووبەرەکەی دەگاتە 500 ھەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی، بەجۆرێک خاکەکەی بۆ چاندنی ھەموو جۆرە بەروبوومێکی کشتوکاڵ سەرکەوتوو بووە و ساڵانە بڕێکی زۆر دانەوێڵە و سەوزە لەم خاکەدا بەرھەم دەھێنرێت.

 

جۆرەکانی سەوزە بە گشتی و توور بە تایبەتی بەربوومێکی گرنگی جووتیارانی دەشتی شارەزوورە، بە تایبەت لە میانی ئەم ساڵانەی دواییدا جووتیارانی ناوچەکە لە وەرزی زستاندا چەندین جۆر توور بەرھەم دەھێنن و بۆ ساغکردنەوەی رەوانەی بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیشی دەکەن.

گوندی تەپەتۆڵەکە یەکێکە لە گوندەکانی دەشتی شارەزوور و بە بەربوومی توور بەناوبانگە، بە گوتەی جووتیارانی گوندەکە ساڵانە 600 تا 700 تۆن توور بەرھەم دەھێنن.

512 جار خوێندراوەتەوە