كوێت 85 ملیۆن دۆلار بە عێراق دەبەخشێت

02:14 - 12/02/2019
ئابوری

كوێت، 85 ملیۆن دۆلار بۆ بنیاتنانەوەو ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی كە بەهۆی هێرش و كردە تیرۆریستییەكانەوە زیانیان بەركەوتووە، بە عێراق دەبەخشێت.

سندوقی كوێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری عەرەبی، رێككەوتنێكی لەگەڵ سندوقی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكانی كردە تیرۆریستییەكان لە عێراق واژۆ كرد.

بەپێی رێككەوتنەكە كوێت، 85 ملیۆن دۆلار بە عێراق دەبەخشێت، گرێبەستەكە قۆناغی دووەم و تەواوكردنی كۆی گشتی ئەو 100 ملیۆن دۆلارەیە كە پێشتر كوێت لە كۆنگرەی وڵاتانی كۆمەك بەخش رایگەیاندبوو بۆ ئەو مەبەستە.

پێشترو لەمانگی كانوونی دووەمی 2018، كوێت وەك قۆناغی یەكەم، 15ملیۆن دۆلاری بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و بنیتانەوە، لەگەڵ چاككردنی كەرتی كارەباو دابینكردنی پێداویستی پزیشكی بۆ 32 نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی لە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان بە عێراق بەخشی.

295 جار خوێندراوەتەوە