كەركوك؛ هەرێم و بەغدا هەوڵی ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان دەدەن

09:01 - 11/02/2019
کوردستان

كەركوك؛ هەرێم و بەغدا ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دروست دەكەن
وەزارەتی پێشمەرگە نوێنەری لە شانەی ڕاگەیاندنی جەنگیی عێراقدا دەبێت 


حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵی ئاسییكردنەوەی بارودۆخی ناچە كوردستانییە دابرێنراوەكان دەدەن و بۆ ئەو مەبەستەش بە چاودێریی ئەمریكا، ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوانیان دروست دەكەن ‌و وەزارەتی پێشمەرگەش نوێنەری لە شانەی ڕاگەیاندنی جەنگیی عێراقدا دەبێت.

كاری هاوبەش و هەنگاوەكانی پێكهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە فیدراڵیەكاندا لە ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان، دەردەكەون، لە شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراقیشدا، ئەفسەرێكی كورد بە پلەی عەقید وەك نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە دیاری كرا.

هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان، دەرەنجامی كارنامەی حكومەتی نوێی عێراق و فشارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، بەرپرسێكی یەكێتی لەكەركوك دەڵێت: "كاتی ئەوە هاتوە سەنگەرەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەكان، لە ڕوبەڕوبونەوەو دژایەتیەوە بۆ هەماهەنگی و كاری هاوبەش بگۆڕدرێت".

بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دەركەوتنیەوە، پرۆژەی بەنیشتمانیكردنی هێزە چەكدارەكان و دامەزراوەكانی هەرێمی كردوە بە شاڕێگای تێپەڕاندنی كێشەو قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە دەڵێت: "لەگەڵ هەنگاوەكانی كاری هاوبەش و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان، پێویستە هێزی پێشمەرگە لە دەستی حزب ڕزگار بكرێت و لەخەمی نیشتماندا بەكاربهێنرێت نەك حزب".

لەگەڵ ئاسایی بونەوەی پەیوەندیەكانی نێوان بەرپرسانی هەرێم و بەغدا و پێكهێنانی كابینە وزاریەكەی عادل عەبدولمەهدی، هاوكات فشاری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، هەرێم و بەغدا هەنگاو بەرەو ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان دەدەنێن، لەسەر ئاستی سەربازی بڕیارە ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش پێكبهێنرێت ‌و بارەگاكەی لەپارێزگای كەركوك بێت، لەسەر ئاستی ئیداریش، گفتوگۆ و جموجۆڵی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەم ناوچانە دەستی پێكردوە.

483 جار خوێندراوەتەوە