سوریا؛ خەلافەتەكەی داعش لەدوا ساتەكانی تەمەنیدایە

03:45 - 11/02/2019
کوردستان

سوریا؛ شەڕڤانانی هەسەدە لە باغۆز بەرەوپێشەوە دەچن

خەلافەتەكەی رێكخراوی داعش لە سوریا لەدوا ساتەكانی تەمەنیدایەو لەسەر دەستی شەڕڤانانی هەسەدە لە دوا پێگەكانی رێكخراوەكە لە باغۆز لەناودەبرێن.  

بەپێی دوایین زانیاریەكان، بە پشتبەستن بە راگەیاندنی فەرماندەكانی هەسەدە، هێزەكانیان لەهەڵمەتی كۆنترۆڵكردنی دوا پێگەی داعش لە باغۆز بەرەوپێشەوەچون و چەند پێگەیەكی داعشیان كۆنترۆڵ كردووە.

لە رۆژی شەممەوە شەڕڤانانی هەسەدە ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی دوا پێگەی چەكدارانی رێكخراوی داعش-یان لە رۆژهەڵات فورات دەستپێكردووە. 

داعش لەدوا پێگەكانی له‌ گوندی باغۆز بەتوندی بەرگری دەكات و خۆبەدەستەوە نادەن، هەر بۆیە شەڕی سەخت و توند لەگەڵ  شەڕڤانانی هەسەدە دەكەن و روبەڕووی توند لەناوچەكە بەڕێوەدەچێت. 

ئاژانسی رۆیتەرز، لە زاری مستەفا بالی بەرپرسی راگەیاندنی هەسەدە بڵاویكردەوە، شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەپشتیوانی بۆردومانی فڕۆكە جەنیگەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، لە دوا پێگەی داعش لە باغۆز بەرەوپێشەوە چوون و 41 پێگەی داعشیان لە شارۆچكەكە كۆنترۆڵ كردووە، بەڵام رووبەڕووی دژە هێرشی چەكدارانی داعش بونەتەوە. 

راشیگەیاند: 400 بۆ 600 چەكداری داعش لەدوا پێگەكانی رێكخراوەكە لە گوندی باغۆزی رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور خۆیان نادەن بەدەستەوەو بەرگری توند دەكەن و رووبەڕووی شەڕڤانانی هەسەدە دەبنەوە. 
 
ئەو فەرماندەیەی هەسەدە پێشبینی دەكات، نزیكەی هەزار كەسی سڤیل لە باغۆز بن. 

پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترڵكردنەوەی گونده‌كه‌، هێزەكانی سوریای دیموكرات رێگەیان بەدەربازبونی زیاتر لە 20 هەزار كەسی سڤیلی نێو گونده‌كه‌دا دەربچن، كە زۆربەیان كەسوكارو خێزانی چەكدارانی داعشن.
 
رێدور خەلیل، فەرماندەیەكی هەسەدە رایگەیاند: هێزەكانیان دەیانەوێت تا كۆتایی ئەم مانگە دوایین پێگەی داعش لە گوندی باغۆز كۆنترۆڵ بكەنەوە.

ئەوەی تا ئێستا نادیارە چارەنوسی ئەبوبەكر بەغدای سەركردەی رێكخراوی داعش-ە، نازانرێت ئاخۆ لەنێو گونده‌كه‌یه‌و بەرگری توند دەكات یان هاوشێوەی عێراق دوای كۆنترۆڵكردنی دوا پێگەكانی داعش، چارەنوسی بە نادیاری مایەوە. لەكات و شوێنێكی دیكەی ناوچەكە سەرهەڵدەداتەوەو دەبێتەوە بۆمبێكی تەوقیتكراو و دەبێتە كارتێك بەدەستی یارییە سیاسیەكانی ناوچەكەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

گوندهی باغۆز، دوا پێگەی چەكدارانی رێكخراوی داعشەو دەكەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی روباری فورات، نزیك سنورەكانی نێوان سوریا عێراق.

341 جار خوێندراوەتەوە