هێزەكانی پێشمەرگە دوو سەنگەر لە نێوان خورماتو و كفری پڕدەكەنەوە

02:27 - 11/02/2019
کوردستان

هێزەكانی پێشمەرگە دوو سەنگەریان لەنێوان دوزخورماتوو- كفری پڕكردەوە لە دوو هەفتەی داهاتووشدا پێشمەرگە دەگەڕێتەوە پێنج میحوەری تر.

فەرماندەیەكە هێزەكانی پێشمەرگە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە KNNی راگەیاند: هێزەكانی پێشمەرگە دوو سەنگەریان لەسەر رێگای نێوان دووز خورماتوو_ كفری پڕكردەوە كە لە دوای 16 ی ئۆكتۆبەرەوە چۆڵكرا بوون.

وتیشی هاوپەیمانان و بەرپرسانی سوپای عێراق و پێشمەرگە لە سنوری دوزخورماتوو سەنگەرەكانی پێشمەرگە دیاریدەكەن و لە دوو هەفتەی داهاتوودا پێشمەرگە دەچێتە سەنگەرەكانی پێنج میحوەری خانەقین ‌و موسڵ و شەنگال.

ئەوەش لەكاتێكدایە لەچەند رۆژی رابردودا، لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە‌و وەزارەتی بەرگری عێراقدا لێگتێگەیشتنێك هاتە ئاراوە بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە جێناكۆكەكان بەهاوبەشی.

1064 جار خوێندراوەتەوە