هەرێم؛ كوشتنی بە ئەنقەست خەریكە دەبێتە دیاردە

08:49 - 10/02/2019
کوردستان

پۆلیسی هەولێر: چەكی بێ مۆڵەت لە ماڵاندا هەیە
شارەزایەكی یاسایی: دەبێت یاسای چەك هەڵگرتن هەموار بكرێتەوە


كوشتنی بە ئەنقەست لە هەرێمی كوردستان لە حاڵەتەوە خەریكە دەبێتە دیاردە، تەنها لە دەستپێكی ئەمساڵدا، حەوت حاڵەتی كوشتنی بە ئەنقەست لە هەولێرو دەڤەری ڕاپەڕین تۆمار كراوە، سەرەڕای دروستبوونی چەند حاڵەتێكی شەڕە تەقەو شەڕی كۆڵان بە كۆڵان. 

 

 پۆلیسی هەولێر، هۆكاری رووداوەكانی كوشتن بۆ بوونی چەك لە ماڵاندا دەگێڕێتەوە، شارەزایەكی یاسایش، بەپێویستی دەزانێت، یاسای چەك هەڵگرتن هەموار بكرێتەوە.

درەنگانێكی شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە، هاوڵاتیەكی تەمەن 50 ساڵ لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە یەكێك لە گەڕەكانی هەولێر درایە بەر دەستڕێژی گولـلەو كوژرا، تائێستا نە بكوژ دیارەو نە هۆكاری كوشتنەكەش.

لەبارەی رووداوەكەوە، پۆلیسی هەولێر دەڵێت: هێشتا كەس لەسەر ئەو رووداوە دەستگیر نەكراوە، هۆكاری تەشەنەسەندنی رووداوەكانی كوشتن بەچەكیش دەگێڕێتەوە بۆ بوونی چەك لەماڵاندا، هەروەك بە پێویستی دەزانێت حكومەت بڕیاری چەك داماڵێنی بێ مۆڵەت دەربكات.

رووداو و كێشە كۆمەڵایەتیەكان خەریكە لە زۆربەی شارەكانی هەرێم دەبنە دیاردە، لەگەڵ ئەوەشدا سوڵحی عەشایەری بووەتە لەمپەر لەبەردەم سزادانی تاوانباران لە دادگاكان.

لە دەستپێكی ساڵی 2019ش تا ئەم كاتە، حەوت حاڵەتی كوشتنی بە ئەنقەست لە هەولێرو دەڤەری ڕاپەڕین تۆمار كراوە، سەرەڕای دروستبوونی دوو حاڵەتی شەڕە تەقەو شەڕی كۆڵان بەكۆڵان لەنێوان بنەماڵەو خێزانەكاندا.

یاساناسێك بەپێویستی دەزانێت یاسای چەك هەڵگرتن هەموار بكرێتەوە، چونكە بەپێی یاسای ژمارە 16ی چەك، هەموو كەس بۆی هەیە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەكی هەبێت.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، تەنیا لەسالی 2018دا، 44 حاڵەتی كوشتن لە هەولێر تۆماركراوە كە زۆربەیان بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتیەوە روویانداوە، ئەوەش بەئاشكرا لاوازبونی دەسەڵاتی دادوەری و دەستوەردان لەكاروباری دادگاكان دەخاتەڕوو.

935 جار خوێندراوەتەوە