بەردانەوەی بەنداوی دەربەندیخان،هاوڵاتیانی قەزاكە بێ ئاو دەكات

08:48 - 10/02/2019
کوردستان

ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەردەدرێتەوە

بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بۆ پاراستنی لە مەترسییەكان, ئاوی پڕۆژەی قەزاكەی لێڵ كردوەو چوار ماتۆڕی پڕۆژەكەشی سوتاندوە, لە ئێستاشدا بە پێنج رۆژ جارێكیش ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان هەڵدەكرێت.

بەڕێوبەری فەرمانگەی ئاوی دەربەندیخان، رایدەگەیەنێت: تا ئاوی بەنداوەكە بەر بدرێتەوە گرفتی ئاوی دەربەندیخان و پرۆژەی ئاوی قەزاكەیان، بۆ چارەسەر ناكرێت. بەڕێوبەری بەنداوی دەربەندیخانیش، باس لەوەدەكات، تاوەكو ئاستی ئاو لە بەنداوەكەدا زیاد بكات، ناچاردەبن بۆ بەردانەوەی ئاو.

لە چركەیەكدا بڕی 450 ملیۆن مەتر سێجا، ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەردراوەتەوە, ئەوەش بۆ كەمكردنەوەی ئەو مەترسیانەیە كە بومەلەرزەكەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2017 لەسەر بەنداوەكە دروستی كردون.

بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان، زیانێكی زۆری بەو پرۆژەیە گەیاندوە كە ئاوی هاوڵاتیانی دەربەندیخان دابین دەكات.

بەڕێوبەری فەرمانگەی ئاوی دەربەندیخان دەڵێت: بەهۆی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەكە، دیار نیە چ كاتێك دەتوانن ئەو گرفتانە چارەسەر بكەن، كە لە پرۆژەی ئاوی قەزاكەدا دروستبون.

چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی هاوڵاتیانی دەربەندیخان بەستراوەتەوە بەو كاتەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان دەگیرێتەوە، وەكو بەڕێوبەری بەنداوی دەربەندیخانیش دەڵێت: بەهۆی مەترسیەكانی سەر بەنداوەكە، تاوەكو ئاستی ئاو لە بەنداوەكەدا زیاد بكات، بەردەوام دەبن لە بەردانەوەی ئاو.

لێرەدا زەرەر مەندی یەكەم هاوڵاتیانی دەربەندیخانن، چونكە لە پاڵ دەریاچەیەكدا, لە هەموو وەرزەكاندا، گرفتی كەمی و پیسی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.

لە پاڵ دەریاچەیەكدا, لەم وەرزی بارانبارینەدا، لە ئێستادا گرفتی كەم ئاوی بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی دەربەندیخانی ناچار بە كڕینی ئاو بە تانكەر كردوە، دیاریش نیە كەی ئەو گرفتانە چارەسەر دەكرێت كە لە پرۆژەی دابینكردنی ئاوی قەزاكەدا دروستبوە.

863 جار خوێندراوەتەوە