قەبارەی بازرگانی ئێران و عێراق زیاد دەكات

08:47 - 10/02/2019
جیهان

ئاڵوگۆڕی ئێران و عێراق گەیشتوەتە یەك ملیار ‌و 750 ملیۆن دۆلار
هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ توركیا زیاترە لە ئێران

سەرەرای سەپاندنی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا و هەروەها دیاریكردنی سزای گەورە بۆ ئەو وڵاتانەی بازرگانی گەورە لەگەڵ تاراندا دەكەن، بەڵام تا دێت ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان عێراق و ئێران روو لە زیادبوون دەكات، ئەمەش لە كاتێكدایە قەبارەی بازرگانی عێراق و ئێران زۆر زیاتر لە قەبارەی بازرگانی عێراق و توركیا. 

 

 حەمید حسێنی، ئەمینداری گشتی ژوری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق، دەڵێت لە ساڵی 2018دا قەبارەی هەناردەی كاڵای ئێرانی بۆ عێراق زیادی كردووە بە رادەیەك كە دوو هێندە بەرامبەرە لەگەڵ قەبارەی هەناردەی توركیا بۆ عێراق.

حەمید حسێنی، بەمیدیاكانی ئێرانی وتوە قەبارەی هەناردەی كاڵاو شتومەك لە نێوان عێراق و ئێراندا گەیشتوەتە ملیارێك و 750 ملیۆن دۆلارو ئەم بڕەش بەبەراورد بە ساڵی 2018 رووی لەزیاد بوون كردوەو پلانیان هەیە لە ساڵی ئایندەدا زیاتری بكەن.


لە ساڵی 2018ە دا قەبارەی بازرگانی ئێران و عێراق گەیشتوەتە ملیارێك و 750 ملیۆن دۆلار.

بەرپرسە ئێرانیەكە باسی لەوەكردوە، قەبارەی ناردنی مانگانە لە ساڵی رابردوودا  لە بەرزترین ئاستدا 900 ملیۆن دۆلار بووەو نزمترین ئاستیش 510 ملیۆن دۆلار بووە.

ئاڵوگۆری بازرگانی ئێران لەگەڵ عێراق مانگانە 900 ملیۆن دۆلار بووە.

ئەمە لەكاتێكدایە قەبارەی بازرگانی لەنێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 2017ە دا هەشت ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە و لە ساڵی 2018 دا قەبارەی بازرگانی نێوان توركیا و عێراق كەمبوەتەوە بۆ 7 ملیار‌و 300 ملیۆن دۆلار , واتە قەبارەی بازرگانی ئێران و عێراق بەرێژەی 30 % بەرزبوەتەوەو قەبارەی بازرگانی لەگەڵا توركیادا بەرێژەی لە%13 دابەزیوە.

قەبارەی بازرگانی توركیا و عێراق لە 2018دا حەوت ملیارو 300 ملیۆن دۆلار بووە.
لە ساڵی 2017دا هەشت ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە.

هەرچەندە ئەمریكا سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەڵام بۆ ماوەیەكی كاتی عێراقی بەخشیوە لە سزاكان ‌و پێشتریش خواستێك لەلایەن بەرپرسانی بەغداوە هەبووە بۆ ئەوەی عێراق بە یەكجاری لەسزاكانی سەر ئێران ببەخشرێت ‌و بەردەوام بێت لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

بەپێچەوانەی عێراقەوە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا زیاتر بووە وەك لە ئێران، بەجۆرێك قەبارەی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵا ئێراندا 6 ملیار دۆلار بووەو لەگەڵ توركیا 8 ملیار دۆلار بووە.

قەبارەی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵا ئێراندا 6 ملیار دۆلار بووەو لەگەڵ توركیا 8 ملیار دۆلار بووە.

313 جار خوێندراوەتەوە