ڤەنزوێلا داهاتی نەوت دەگوازێتەوە بۆ روسیا

08:41 - 10/02/2019
ئابوری

نانسی پیلۆسی پشتیوانی خۆی بۆ خوان گوایدۆ رایگەیاند
ئەمریكاو روسیا دوو پڕۆژەی دژ بەیەك دەدەنە ئەنجومەنی ئاسایش 

بەهۆی سزاكانی ئەمریكا لەسەر كەرتی نەوتی ڤەنزوێلا، كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئەو وڵاتە، داهاتی نەوت دەگوازێتەوە بۆ ئەژمارێكی بانكی لە روسیا، نانسی پیلۆسیش، بۆ یەكەمجار هەڵوێستی خۆی لەبارەی قەیرانی ڤەنزوێلاوە دەربڕی ‌و پشتیوانی خۆی بۆ خوان گوایدۆ رایگەیاند. 

ئەمریكا و روسیاش لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە، دوو پڕۆژەی دژ بە یەك سەبارەت بە چارەنوسی ڤەنزویلا پێشكەش دەكەن.

ماوەی دوو هەفتەیە، دانیشتوانی ڤەنزوێلا، لەنێوان دوو سەرۆك و دوو شەرعییەتی جیاوازدا ژیان دەكەن، دوو سەرۆك، كە تەواوی جیهانیان دابەشكردوە بەسەر دوو بەرەدا، هەر یەكێكیان پاساو و بەهانەی خۆی هەیە بۆ درێژەدان بەدەسەڵاتی سەرۆكایەتی خۆی.

لەوبارەیەوە، كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ڤەنزۆیلا، رایگەیاند، داهاتی فرۆشی نەوت ‌و بەرهەمە نەوتییەكان لە هەژمارێكی بانكی نوێی كۆمپانیاكە، دادەنێن لەبانكی غازپرۆم لەروسیا.

ئەم هەنگاوەی كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ڤەنزوێلا، دوای ئەوە دێت كە ئەمریكا بەئامانجی بلۆكردنی سەرچاوەكانی داهاتی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزۆیلا، مامەڵە داراییەكانی كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئەو وڵاتەی قەدەغەكرد.

لەبەرامبەردا، خوان گوایدۆ، سەرۆكی ئۆپۆزیسیۆنی ڤەنزوێلا رایگەیاند، سندوقێكی تایبەت بە داهاتەكانی نەوتی وڵاتەكەی دروستدەكەن.

هاوكات، لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا، عەقید رۆبن ئەلبێرتۆ، فەرماندە لەهێزی پیادەی ڤەنزوێلا، جیابونەوەی خۆی لەسوپای وڵاتەكەی رایگەیاند، ئاماژەی بەوەكرد، نیكۆلاس مادۆرۆ، بەسەرۆكی خۆم نازانێت ‌و تەنها خوان گوایدۆ، بەسەرۆكی كاتی ‌و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەزانێت.

وتیشی، لە90% سوپای وڵاتەكەی پشتیوانی لەخوان گوایدۆ، دەكەن‌و نیكۆلاس مادۆرۆش، هێزە چەكدارەكان، بەكاردەهێنێت بۆ مانەوەی لەدەسەڵاتدا.

لەبەیاننامەیەكدا، نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، بۆ یەكەمجار هەڵوێستی خۆی لەبارەی قەیرانی ڤەنزوێلاوە، رایگەیاند‌و ئاماژەی بەوەكرد، پەرلەمانی ڤەنزوێلا، تاكە دەسەڵاتی دیموكراسییە لەو وڵاتەدا‌و پشتگیری لەو بڕیارەی دەكات، كە  خوان گوایدۆی، بەسەرۆكی وڵاتەكەی دەستنیشانكردوە.

نانسی پیلۆسی، رەخنەی لە نیكۆلاس مادۆرۆ، گرت، كە رێگە نادات، هاوكاری مرۆیی گەلی ئەمریكا، بگاتە دەستی گەلی ڤەنزوێلا.

جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، پشتیوانی خۆی بۆ هەڵوێستەكانی نانسی پیلۆسی، دەربڕی‌و رایگەیاند، هەنگاوەكانیان بەكردەیی لە ڤەنزوێلا جێبەجێ دەكەن.

هاوكات، ئەمریكا و ڕوسیا لە ڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە، دوو پڕۆژەی دژ بە یەك، سەبارەت بە چارەنوسی ڤەنزویلا پێشكەش دەكەن، ئەمریكا داوا دەكات هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت‌و ڕوسیاش پێشنیازدەكات، ڕێز لە سەروەرییەكانی ئەو وڵاتە بگیرێت و دەست لە كاروباری ناوخۆیی وەرنەدرێت.

لە پڕۆژەكەی ئەمریكادا هاتوە، كۆمەكی مرۆیی بگەیەنرێتە ڤەنزویلا و پەرلەمانیش كە دامەزراوەیەكی شەرعییە، پشتگیریی و پشتوانیی تەواوی لەلایەن ئەمریكاوە لێ دەكرێت، داواش دەكات بەگوێرەی دەستوری ئەو وڵاتە، هەڵبژاردنێكی خاوێنی پێشوەختە لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەبچێت.

بەڵام سەرچاوە دبلۆماسییەكانی ڕوسیا ئاماژە بەوە دەكەن، مۆسكۆ پشتوانی نیكۆلاس مادۆرۆ و دەسەڵاتە هەڵبژێراوەكانی ئەو وڵاتە دەكات و مافی بەكارهێنانی ڤیتۆش بەخۆی دەدات ئەگەر بیانەوێت لە شەرعیەتی نیكۆلاس مادۆرو كەم بكەنەوە.

ئەمریكا‌و زیاتر لە40 وڵات لەجیهاندا، پشتگیری خۆیان بۆ خوان گوایدۆ، نیشانداوەو وەك سەرۆكی كاتی ئەو وڵاتە دانیان پێداناوە.

لە بەرامبەردا، روسیا‌و چین‌و توركیا‌و دەیان وڵاتی دیكە، پشتیوانی، لە نیكۆلاس مادۆرۆ، سەرۆكی ئەو وڵاتە دەكەن‌و بەتاكە سەرۆكی شەرعی ڤەنزوێلا لەقەلەمی دەدەن.

324 جار خوێندراوەتەوە