كەركوك؛ عەرەب و توركمانەكان بەشداری كۆبونەوەكەی 18ی مانگە ناكەن

06:43 - 10/02/2019
کوردستان

راكان جبوری: كۆبونەوەی ئەنجومەن لە هەولێر بۆ دانانی پارێزگارێكی تر نایاساییە
راكان جبوری: دەتوانرێت لە كەركوكەوە بەكۆدەنگی سیاسی پارێزگار یەكلا بكرێتەوە


كۆبونەوەی 18 ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە دەرەوەی شارەكە، كە لە كۆبونەوەی یەكێتی و پارتی بڕیاری لێدراوە، بۆچونی جیاوازی هێناوەتە ئاراوە, هەرچی عەرەب و توركمانەكانە، رەتیدەكەنەوە، بەشداری كۆبونەوەكە بكەن، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوكیش دانیشتنەكەی ئەنجومەن لە هەولێر بۆ دانانی پارێزگارێكی تر بە نایاسایی ناودەبات و  دەشڵێت: دەتوانرێت لە كەركوكەوە لە رێگەی كۆدەنگی سیاسیەوە پارێزگار یەكلا بكرێتەوە.

كۆبونەوەكەی 18ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هەولێر، بۆتەی جێی مشتومڕی نێوان لایەنە سیاسیەكان لەپارێزگای كەركوك

كاردانەوەكان بەجۆرێكن هەر لەئێستاوە كوتلەكانی عەرەب وتوركمان ئەنجومەن بڕیاریانداوە ئامادەی ئەو دانیشتنە نەبن، ئەوەش بەبیانوی نایاساییبون و نەبونی هیچ بیانویەكی ئەمنی و سیاسی بۆ ئەنجامنەدانی ئەو كۆبونەوەیە لە كەركوك.

پارێزگاری بەوەكالەتی شارەكە پێیوایە: دانیشتنەكەی هەولێر بۆدانانی پارێزگارێكیتر نایاساییەو لەبری دەتوانن لەكەركوكەوە لەڕێی كۆدەنگی سیاسیەوە ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە.

بەپێی زانیاریەكانی KNN ئەندامە یەكێتیەكانی نێو لیستی برایەتی ئەنجومەنیش بەو هەنگاوە ڕازی نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەست بەو پرسە چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی حزبەكەیانن.

زیاتر لە ساڵێكە ئەندامە پارتییەكانی نێو لیستی برایەتی، بەبیانوی داگیركردنی كەركوك، نەگەڕاونەتەوە شارەكە، ئەوەش بۆتە هۆكاری پەككەوتنی ئەنجومەنەكە بۆ ماوەی زیاتر لە 14 مانگ.

345 جار خوێندراوەتەوە