بەپەلە

روسیا سیناریۆی دەستگیركردنی ئەبوبەكر بەغدادی لەلایەن ئەمریكاوە ئاشكرا دەكات

12:02 - 10/02/2019
جیهان

ئاژانسێكی روسی: ئەمریكا دەیەوێت هاوشێوەی بن لادن كۆتایی بە بەغدادی بهێنێت 

ڕاپۆرتێكی ڕوسیا، سیناریۆی دەستگیركردنی ئەبوبەكر بەغدادی لەلایەن ئەمریكاوە ئاشكرادەكات و دەڵێت: ئەمریكا دەیەوێت هاوشێوەی فیلمەكانی هۆڵیود، دەستگیردنی بەغدادی ڕابگەیەنێت، لەڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، لەئێستادا ئەبوبەكر بەغدادی لەژێر چاودێرییەكی توندی ئەمریكیەكاندایە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی فورات و ئەمریكاش هۆشداریی بە هێزەكانی سوریای دیموكرات و حەشدی شەعبی داوە كە بەو ئاراستەیە هێرش نەكەن بۆئەوەی لە ڕێگەی دابەزینی ئاسمانی و هێزەكانی كۆماندۆوە، هاوشێوەی سیناریۆی كوشتنی ئوسامە بن لادن، بەغدادی دەستگیر بكەن.

ڕاپۆرتەكەی ئاژانسی سپۆتنیكی ڕوسیا سەبارەت بە سیناریۆی دەستگیردنی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی ڕێكخراوی داعش لەلایەن ئەمریكیەكانەوە، ئاماژە بەوەدەكات، لە ڕێگەی سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە هێزەكانی سوریای دیموكرات، زانیاری ئەوەیان پێ گەیشتوە كە ئەبوبەكر بەغدادی، لە ئێستادا لەشوێنێكی نهێنییە لە ناوچەی هەجین لەخۆرهەڵاتی فورات و لەژێر چاودێرییەكی توندی ئەمریكیەكاندایە ‌و ئەمریكاش كۆتاییهێنانی داعشی دواخستوە، بۆئەوەی لەڕێگەی دابەزینی ئاسمانی و هێزی كۆماندۆوە، هاوشێوەی كوشتنی ئوسامەبن لادنی سەرۆكی پێشوی ڕێكخراوی قاعیدە، دەیانەوێت ئەبوبەكر بەغدادی دەستگیر بكەن و بیكەنە دەستكەوت بۆ خۆیان.

لەئێستادا گروپی چەكداری داعش لەناوچەی هەجین لەپارێزگای دێرزور لەدواخاڵی ڕوبەڕوبونەوەن و شەڕی مان و نەمان دەكەن و بەرپرسانی ئەمریكاو هێزەكانی سوریای دیموكراتیش ئەوە دوپات دەكەنەوە كە داعش تەنیا چەند كیلۆمەترێكی لەبەردەستدا ماوەو پەلەقاژەی مەرگیەتی.

سەرچاوەكەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ ئاژانسە روسییەكە ئاماژەی بەوەش كردوە: ئەمریكا هۆشداری داوە بە هێزەكانی سوریای دیموكرات، كاتێك ویستویانە كۆتایی داعش لەو ناوچەیە ڕابگەیەنن ‌و حەشدی شەعبیش لەوە ئاگاداركراونەتەوە كە بۆردومانی دوامۆڵگەكانی داعش لەو ناوچەیە نەكەن ‌و كاتێك حەشدی شەعبی ویستویانە بەو ئاراستەیە هێرش بكەن، لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمریكاوە ئاگاداركراونەتەوە، ئەوەش بەو ئامانجەی كە ئەمریكا بتوانێت سیناریۆ پلان بۆ داڕێژراوەكەی خۆی كە دەستگیركردنی ئەبوبەكر بەغدادییە، جێبەجێ بكات.

راپۆرتە روسیەكە ئەوەی دوپات دەكاتەوە، كە بەم زوانە پرۆسەی دابەزینی ئاسمانی و دەستگیركردنی ئەبوبەكر بەغدادی لەلایەن ئەمریكیەكانەوە دەست پێدەكات و ئەمریكییەكانیش مەبەستیانە بەغدادی بە زیندویی دەستگیربكەن، هاوكات لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەم سیناریۆیە، پاتریك شاناهان وەزیری بەرگریی ئەمریكا بەوەكالەت، لەكۆتایی مانگی ڕابردودا ڕایگەیاند: پێشبینی دەكرێت لەماوەی دو هەفتەدا، داعش تەواوی ئەو ناوچانە لەدەستبدات كەلەژێر دەسەڵاتیدان.

بەرپرسێكی پلەبەرزی عێراقیش لەكۆتایی مانگی ڕابردودا، پەردەی لەسەر ئاماژەكانی سیناریۆی دەستگیركردنی بەغدادی لاداو ڕایگەیاند: هێزێكی ئەمریكا كە لەهەرێمی كوردستانەوە رۆیشتوون و هێزێكی سوریای دیموكرات هاوەڵی كردون، چونەتە سوریا و ئەگەری زۆرە بۆ بەشداریكردن بێت لە پرۆسەی دەستگیركردنی ئەبوبەكر بەغدادی.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیش لەسەرەتای ئەم مانگەدا بڵاوی كردەوە، ئێستا هێزەكانی سوریای دیموكرات باس لە هیچ وادەیەك بۆ كۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی داعش ناكەن و ناشیانەوێت لەگەڵ ڕژێمەكەی ئەسەد دانوستان و گفتوگۆ بكەن، بەڵكو گەمارۆی دوا پێگەكانی داعشیان داوەو دانیشتون ‌و تەنها چاودێریی جموجۆڵی داعش دەكەن بەڵام ئەگەر بیانەوێت بەئاسانی دەتوانن كۆتایی داعش ڕابگەیەنن.

 دوای 10 ساڵ لەشەڕی بەرەنگاربونەوە لەگەڵ ئەمریكا، لەمانگی ئایاری ساڵی 2011 دا و لەپرۆسەیەكی هێزەكانی كۆماندۆی ئەمریكا لەنزیك ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان، توانرا ئوسامە بن لادنی سەركردەی قاعیدە بكوژن، لەئێستاشدا ئەگەری دوبارەبونەوەی هەمان سیناریۆ بۆ ئەبوبەكر بەغدادی لە ئارادایە.

 ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیش چەند رۆژێك لەمەوبەر، لەڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی داعش لە هەوڵێكی كودەتای داعشە بیانیەكانی ناو ڕێكخراوەكەی، ڕزگاری بوە، كە گومانی ئەوەدەكرێت هەمو ئەمانەش ئاماژەبن بۆ جێبەجێكردنی سیناریۆ دارێژراوەكەی ئەمریكا كە نێچیرەكەش خودی ئەبوبەكر بەغدادییە.

5183 جار خوێندراوەتەوە