بەپەلە

ئەمریكا پێشمەرگە دەباتەوە بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان

08:34 - 09/02/2019
کوردستان

دوای ساڵێك و پێنج مانگ لە پاشەكشەیان لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، لەژێرفشاری ئەمریكادا، هێزی پێشمەرگە دەگەڕێنرێـتەوە بۆ كەركوك. لە ئێستاشدا حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق، چەند لیژنەیەكیان بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە، بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەمریكا دەیەوێت لەو رێگەیەوە، رێگری لەفراوانبونی هەژمونی ئێران بكات و گرەنتی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی لە ناوچەكە بكات.

دوای ئەوەی لە 16 ی ئۆكتۆبەردا نیوەی خاكی كوردستان كەوتەوە ژێر دەستی هێزەكانی عێراق، ئەمریكیەكان جارێكی تر پێشمەرگە دەبنەوە بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان.

هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەدرێژایی سێ‌ ساڵی شەری داعش توانیان نزیكەی تەواوی خاكی باشوری كوردستان كۆنترۆڵ بكەنەوە، بێگومان ئەمەش هەروا ئاسان نەبوو، ئەنجامەكەی زیاتر لە هەزار و 700 پێشمەرگە شەهید بون و زیاتر لە 5 هەزار پێشمەرگەش برینداربون.

هەموو ئەوەی پێشمەرگە لە سێ‌ ساڵدا بەدەستی هێنا، بەدوو هەڵەی سیاسیەكان لەدەستدرایەوە، كە ئەوانیش ئەنجامدانی ریفراندۆم و كشانەوەی پێشمەرگە بوو لە 16 ئۆكتۆبەردا.

هەروەك چۆن هاوكێشە نێودەوڵەتیەكان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەبەرژەوەندی كورد نەبوو، ئەنجامەكەی لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستان بوو، ئێستا هاوكێشە نێودەوڵەتیەكان و بەتایبەت بەرژەوەندی ئەمریكا دەخوازێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ كەركوك و بەشێك لە ناوچە كوردستانیە كێشە لەسەرەكان.

لە ململانێی ئەمریكی و ئێرانیەكاندا، كەركوك پێگەیەكی گرنگی هەیە، بە ئەندازەیەك بۆ هەردوو وڵات وەك ناوچەیەكی ستراتیژی دەبینرێت.

بۆ ئێرانیەكان، كەركوك و خانەقین و دووز خورماتوو تەواوكەری هیلالی شیعیە لە ناوچەكەدا، ئەو هێزەش كە بەپلەی یەكەم دەتوانێت نوێنەرایەتی ئێرانیەكان بكات، حەشدی شەعبیە، بۆیە هەموو هەوڵی ئێرانیەكان هێشتنەوەی حەشدە لەو ناوچانە.

بەپێچەوانەوە بۆ ئەمریكیەكان، حەشدی شەعبی دیوی دوەمی دراوی ئێرانیەكانە و سەركردەكانی حەشد پەیوەندییەكی خراپیان لەگەڵ ئەمریكیەكان هەیە، بۆیە لە ئێستادا ئەمریكیەكان ئامانجی یەكەمیان دورخستنەوەی حەشدە لەو ناوچانە و گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراقە بۆ ئەو ناوچانە.

ئەمریكیەكان لەرێگای ئەو فشارەی لە بەغدا و هەولێری دەكەن تا ئەندازەیەك سەركەوتوو بون، ئەوەتا دۆسیەی ئەمنی كەركوك لە حەشد سەنرایەوە و رادەستی لیوای 61 ی فیرقەی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كران.

هاوكات هەر لەژێر فشاری ئەمریكیەكاندا سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی رەوانەی بەغدا كران و یەكێك لە دۆسیە گرنگەكانیش گەرانەوەی پێشمەرگەیە بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی تر، ئەنجامەكەشی چەند لیژنەیەك بۆ ئەو پرسە پێكهێنراوە و هەردولا بەرەو لێكتێگەیشتن و كاری پێكەوەیی هەنگاو دەنێن.

پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ئەمریكا دەیەوێت پێشمەرگە بگەرێتەوە، وەڵامەكەشی یەكەم، ئەمریكیەكان دوو ئەزمونی باشیان لەگەڵ كورد هەیە لەعێراق ئەزمونی یەكەم لە ساڵی 2003  لەشەڕی ئازادكردنی عێراق و ئەزمونی دوەمیش لە شەری داعش، كە لە هەردوو ئەزمونەكەدات پێشمەرگە بەئاراستەی هێڵی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا شەڕی كردوە، بێگومان هەمان ئەزمونی باشیان لە خۆرئاوای كوردستانیش لەگەڵ كورد هەیە.

دووەم، ئەمریكا بەدیلێكی باشتری لە پێشمەرگە نیە بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و ئاسانیش نیە و تەنانەت ئەستەمە بە هێزی ئەمریكیش ئەم ناوچانە ئیدارە بكرێن، چونكە ئەوە كاردانەوەی هێزە عێراقیەكانمی لێدەكەوێتەوە و ئێرانیەكان بە ئاسانی دەتوانن ریسەكە لە ئەمریكیەكان بكەنەوە بەخوری، بێگومان ئەمە بەو مانایە نیە هیچ هێزێكی ئەمریكی لەو ناوچانە نابێت بەپێچەوانەوە لەئێستادا بونی هێزەكانی ئەو وڵاتە لە ناوچەكە زیادیكردوە.

لە رۆژهەڵاتی ناوەراست زۆرینەی كات گۆرانكارییەكان هاوكێشەیەكی پێكەوەین و یاریزانەكان پێویستیان بە جوڵەی پێكەوەیی هەیە، ئەمریكیەكان سزای ئابوری ئێرانیاندا بۆ ئەوەی بونی سەربازی ئەو وڵاتە لە ناوچەكە كەمبكەنەوە، بەڵام هەرزوو تێگەیشتن كە تەنها بە سزا ئابورییەكان ناتوانن ئامانجەكەیان بپێكن و پێویستیان بە جوڵەی سەربازیش هەیە، گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و دورخستنەوەی حەشدی شەعبی بەشێك لەم ئامانجە بۆ ئەمریكیەكان بەدیدەهێنێت.

11346 جار خوێندراوەتەوە