هەناردەی نەوتی هەرێم گەیشتە پێنج سەد هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا

08:12 - 08/02/2019
ئابوری


داهاتی نەوتی هەرێم گەیشتە شەش سەد ملیۆن دۆلار لە مانگێكدا 
مووچەی فەرمانبەران بەبێ پاشەكەوت تەنها سەد و حەفتا ملیار دیناری پێویستە 
مانگانە هەرێمی كوردستان بەبێ مووچە پێنج  سەد و سی ملیار دینار داهاتی بۆ دەمێنێتەوە 

 
هەناردەی نەوتی هەرێم، دەگاتە- پێنج سەد هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا ‌و داهاتی یەك مانگیش دەگاتە شەش سەد ملیۆن دۆلار، بەهۆی ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتنیەكان مانگانە تەنها 378 ملیار دینار دەداتە وەزارەتی دارایی، مانگانە زیاتر لە سێ سەد ملیار دیناری داهاتی نەوت دیار نامێنێت.

لەئێستاشدا موچەی فەرمانبەران بەبێ پاشەكەوت، تەنها سەد و حەفتا ملیار دیناری پێویستە لەكاتێكدا داهاتی ناوخۆی سەدو پەنجا ملیاری تیپەڕاندوە.
 

ئەكەر چی هەمو ئاماژەكان بۆئەوەن كە دۆخێكی باشی دارایی ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێك نیە بۆ كۆتاییهێنان بە پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران لە پاش سێ ساڵ لەدوای ئەو گۆڕانكاریانەی بەسەر نرخی نەوتدا هاتوون. 

بەپێی ئەو زانیانەی دەست KNN كەوتوون، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان گەیشتوەتە پێنج سەد هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا ‌و داهاتەكەشی شەش سەد ملیۆن دۆلارە.

ئێستا نرخی نەوتی برێنت لەسەرو 61 دۆلارەوەیە ‌و نەوتی هەرێم كە دە دۆلار كەمتر دەكات، بەمەش هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم 50 دۆلار دەكات نزیكەی دە دۆلاریش بۆ خەرجی و قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان پێویستە، واتە بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی چل دۆلار دەمێنێتەوە، هەناردەی نەوتی هەرێم لەمانگێكدا نزیكەی پانزە ملیۆن بەرمیلە كە بە بەهای شەش سەد ملیۆن دۆلارە.

بەپێی بەدواداچونێكی KKNN 

-هەناردەی نەوتی هەرێم گەیشتوەتە پێنج سەد هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
-داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم دەبێتە شەش سەد ملیۆن دۆلار واتە حەوت سەدو بیست ملیار دینار. 
-وەزارەتی سامانە سروشتییەكان مانگانە تەنها سێ سەودو حەفتا‌و هەشت ملیار دنیار دەداتە وەزارەتی دارایی بەوپێیەش بێت، زیاتر لە سێ سەدو بیست ملیار دیناری داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم نادیارە.


هەر چەندە ئێستا موچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران مانگانە نزیكەی حەوت سەد ملیاردینارە، بەڵام موچەی مانگانەی فەرمانبەران بەبێ پاشەكەوت پێویستی بە 890 ملیار دینارە.

ئەگەر داهاتی ئێستای نەوت هەرێم بكرێتە پێوەر، كە نزیكەی حەوت سەدو بیست ملیار دینارە هەرێم پێویستی بە تەنها سەدو حەفتا ملیار دینارە بۆ خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران بەبێ پاشەكەوت.

ئەگەر بەغدادیش بەپێی بودجەی ساڵی 2019 بەشە بودجەی هەرێمی رەوانە كرد بەمشێوەیە دەبێت:

 بەو پێنج سەدو  22ملیار دینارەی بەغداد مانگانە رەوانەی هەرێمی دەكات، لەگەڵ سەدو پەنجا ملیار دینار مانگانەی داهاتی ناوخۆ و 25  ملیۆن دۆلاری هاوكاری ئەمریكا بۆ هێزی پێشمەرگە .

ئەگەر سەدو حەفتا ملیاری لێ ببڕێت بۆ موچە، مانگانە لە كۆی گشتی داهاتی هەرێم، پێنج سەدو سی ملیار دینار دەمێنێتەوە بەبێ موچەی فەرمانبەران، دەتوانرێت بۆ قەرزی ناوخۆو دەستپێكردنەوەی  پڕۆژە دابندرێت، ئەو كاتە داهاتی مانگێكی هەرێم زیاترە لەو داهاتەی، كە ساڵی 2013 لە عێراقەوە دەهات بە داهاتی فرۆشی نەوتیشەوە. 

878 جار خوێندراوەتەوە