باكوری كوردستان؛ ئاژەڵدارانی بەدلیس بە ناو بەفردا گەڵادار بۆ ئاژەڵەكانیان دەهێنن

01:44 - 08/02/2019
گەلەری

گوندنشینان و ئاژەڵدارانی ناوچەی بەدلیسی باكوری كوردستان, بەهۆی بارینی ڕێژەیەكی زۆر بەفرەوە هیچ شوێنێكیان نەماوە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانیان و ناچارن گەڵای ئەو دارانە دەرخواردی ئاژەڵەكانیان بدەن كە لەپایزدا بڕیویانەتەوە و بۆ وەرزی سەرماو سۆڵەو كاتی پێویست ئامادەیان كردوە.

 

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئاژەڵداران ئامێری خلیسكێنەی سەر بەفر بەكار دەهێنن بۆ هێنانەوەی ئەو بارە گەڵایانە لە شاخەكانەوە بۆ ناو گوندەكانیان.


گوندی یۆغور تڵوی سەربە قەزای خیزانە لە پارێزگای بەدلیسی باكوری كوردستان، بەهۆی بارینی ڕێژەیەكی زۆر بەفرەوە تەواوی ناوچەكە سپی پۆش بوە.

كەڵەكەبونی بارستای بەفرەكە، تەواوی ناوچەكەی سپی پۆش كردوە و هیچ شوێنێك بەسەوزایی دیار نەماوە و ئەوەش گرفتی بۆ هاولاتیان و بەتایبەت ئاژڵدارانی گوندەكان دروستكردوە, بەڵام گوندنشیان پێشتر ئەو دۆخەیان لەبەرچاو گرتوە و لە پایزدا گەڵای داری سەر شاخەكانیان بڕیوە و وەك ئالیك بۆ وەرزی سەرماو سۆڵە بۆ ئاژەڵەكانیان لەسەر شاخەكان دایانناوە و لەكاتی پێویستدا دەیهێننەوە و دەرخواردی ئاژەڵەكانیانی دەدەن.

ئەوەی جێگای سەرنجە, ئاژەڵدارانی سنوری پارێزگای بەدلیس, بەهۆی زۆری بەفر بارینەكەوە لە رێگای ئامێری خلیسكێنەی سەر بەفرەوە ئەو گەڵادارانە دەهێننەوە و گەڵاكان دەرخواردی ئاژەڵەكانیان دەدەن و لقە دارەكانیش بۆ خۆگەرمكردنەوە دەسوتێنن, وەك ئاژەڵدارانیش دەڵێن: هەرچەند كارەكەیان پێخۆشە بەلام بەهۆی بارینی ڕێژەیەكی زۆر بەفرەوە بەردەوام مەترسی هەرەسی بەفریان لەسەرە.

لەسەرەتای وەرزی زستانەوە شەپۆلێكی سەرماو سۆڵە و بەفربارینی چڕ ناوچە جیاجیاكانی باكوری كوردسالنی گرتوەتەوە و لە هەندێك ناوچە شاخاوی و گوندە دورە دەستەكانیش, ڕێژەی بەفر بارینەكە گەشتوەتە ئاستێك كە هەتا نیوە وەرزی بەهار ناتوێتەوە و ئەوەش ئاستەنگی بۆ ئاژەڵدارانی ئەو ناوچانە دروستكردوە, بەشێك لە ئاژەڵدارانیش ناچارن سود لە گەڵای دارەكان ببینن و دواتر لە ڕێگەی ئامێری خلیسكێنەی سەر بەفرەوە دەیهێننەوە بۆ ناو گوندەكانیان.

742 جار خوێندراوەتەوە