پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە بەغداد بەبێ‌ كتێبی كوردی دەستیپێكرد

10:00 - 07/02/2019
عێراق

زۆرترین كتێبەكانی پێشانگای نێودەوڵەتی كتێبی بەغداد ئاینی ‌و مەزهەبین
لە پێشانگای كتێبی بەغداد زیاتر لە دوو ملیۆن كتێب نمایش دەكرێن


بەبەشداری دەزگایەكی كوردی و 650 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی 23 وڵاتی جیاجیا, شەشەمین پێشانگای كتێب لەشاری بەغدا بەڕێوە دەچێت, بەڵام هیچ ناونیشانێكی كوردی تێدا بەدیناكرێت, نوێنەری دەزگا كوردییەكەش, تەنها پاساوی ئەوە دەهێنێتەوە كە پێشبینی ئەوەیان نەكردوە كڕیار و خوێنەری كتێبە كوردیەكان لە پێشانگاكەدا بونی هەبێت. لە پێشانگاكەدا زۆر بەزەقی ململانێی دەزگا شیعە مەزهەب و سونە مەزهەبەكان بەدیدەكرێت و سعودیەش بۆ یەكەم جار بە 15 چاپ و بڵاوكردنەوە بەشداری كردوە.

شەشەمین پیشانگای نێودەوڵەتی بەغدا بۆ كتێب بەبەشداری زیاتر لە 20 وڵات بەڕێوەدەچێت، بەبێ‌ كتێبی كوردی ‌و پڕە لە كتێبی ئاینی، لەگەڵیشیدا ململانێی نێوان شیعە ‌و سوننە رەنگیداوەتەوە.

هەرچەندە لە پێشانگاكەدا زیاتر لە دوو ملیۆن ناو نیشانی كتێب, بە زمانە جیاجیاكانی جیهان نمایش كراون, بەڵام تەنها یەك ناونیشانی كتێبێكی كوردی لە پێشانگاكەدا بەدیناكرێت.

دەزگای ئەمەزۆن وەك تاكە دەزگای كوردی بەشداریانكردوە، بەڵام تەنها كتێبی ئینگلیزیان نمایشكردوە, بەوتەی نوێنەری دەزگاكەش پێشبینی ئەوەیان نەكردوە خواست لەسەر كتێبی كوردی هەبێت لەپێشانگاكەدا.

لەنێو ئەم پێشانگایەدا بە ئاشكرا ململانێ لە نێوان دەزگا سونی و شیعیەكاندا بەدیدەكرێت سعودیە بەفەرمی یەكەمجارە بەمشێوە فراوانە بەشداری دەكات، ١٥ دەزگای چاپ و بڵاوكراوەی ئەو شانشینە هاتبوون.

لە پێشانگای نێو دەوڵەتی بەغدا ٢٣ وڵات بە 600 و ٥٠ دەزگای چاپ و بڵاوكراوە بەشدارن، كتێبە ئاینیەكان پانتایەكی فراوانی پێشگاكەی گرتبوو كڕیاریشیان زۆر بوون.

لە پێشانگاكە جگە لە نمایشكردنی كتێب چەندین چالاكی جۆراو جۆری ئەدەبی و هونەری بەرێوەچوون، بڕیارە پێشانگاكەش ماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام بێت.
ستان ئەپ

313 جار خوێندراوەتەوە