كاردانه‌وه‌كانی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق

07:53 - 06/02/2019
عێراق

عادل عەبدولمەهدی داوای ڕونكردنەوە لە ئەمریكا دەكات
عادل عەبدولمەهدی: ڕێگە نادەین عێراق بكرێتە شوێنێك بۆ دژایەتیكردنی وڵاتێكی تر
سیستانی: عێراق نابێتە سەرچاوەی كێشە بۆ وڵاتانی دیكە
رۆحانی: قسەكانی ترەمپ لەبارەی مانەوە لە عێراق درۆكانی ئاشكرا كرد
بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا چاودێریی وردی ئێران دەكەن
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق: پەرلەمانتاران لەگرنگی بوونی هێزەكانمان لەعێراقدا تێناگەن 


سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ڕێگە نادەن عێراق بكرێتە شوێنێك بۆ دژایەتیكردنی وڵاتانی دراوسێ، سیستانیش رەتیدەكاتەوە عێراق ببێتە سەرچاوەی كێشە بۆ وڵاتانی دیكە، لەبەرامبەردا سەرۆكی ئێرانیش رایگەیاند، لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ، لەبارەی مانەوەی هێزەكانیان لەعێراقدا، درۆی ئەمریكییەكانی لەبارەی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆرەوە ئاشكرا كرد. 

لەلایەكی ترەوە باڵیۆزخانەی ئەمریكاش لەبەغداد رایگەیاند،  ئەو كەسانەی داوای كشانەوەی هێزەكانمان لەعێراق دەكەن لەگرنگی بوونی هێزەكانمان لەخاكیان تێناگەن.

ململانی نێوان واشنتۆن ‌و تاران لەعێراقدا روو لەقوڵبونەوە دەكات‌و ئەمریكا دەیەوێت، لەرێگەی بەكارهێنانی خاكی عێراقەوە هەژموونی ئێران لەناوچەكەدا سنوردار بكات، ئەوەش كۆمەڵگای عێراقی بەسەر ئەو دوو بەرەیەدا دابەش كردوە.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەبارەت بەلێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، كە ڕایگەیاندبو، هێزەكانیان لەعێراقدا جێگیردەكەن‌و لەعێراقەوە چاوێری ئێران دەكەن. دەڵێت: ئەوان ڕێگە نادەن عێراق بكرێتە شوێنێك بۆ دژایەتیكردنی وڵاتێكی تر.

سەرۆك وەزیرانی عێراق، داواش لەئەمریكا دەكات پاشگەزببنەوەو لەو بارەیەوە ڕونكردنەوە بدەن‌و هەڵوێستی خۆیان یەكلایی بكەنەوە.

دوای كۆبونەوەی لەگەڵ جینین هینیس بلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لەعێراق، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، عێراق دەیەوێت پەیوەندییەكی باش‌و هاوسەنگی لەگەڵ سەرجەم وڵاتان‌و بەتایبەتی دراوسێیەكانی هەبێت، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی هاوبەش و بەبێ دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی یەكتر و شكاندنی سەروەریی وڵاتان، چونكە عێراق نابێتە سەرچاوەی كێشە بۆ وڵاتانی دیكە.

پێشتریش بەرهەم ساڵح، سەرۆكی كۆماری عێراق وەڵامی لێدوانەكەی ترەمپ دایەوە ‌و رایگەیاند، ئەمریكا مۆڵەتی ئەوەی وەرنەگرتوە عێراق بۆ چاودێریی وڵاتانی دراوسێ‌ بەكاربهێنێت.

بەپێی وتەی چاودێرانی سیاسی، لەچوار چێوەی توندكردنەوەی سزاكانی واشنتۆن بۆ سەر تاران، ئەمریكا دەیەوێت لەرێگەی گەڕاندنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ كەركوك‌و ناوچە جێی ناكۆكەكان، هەژمونی ئێران لەعێراقدا لاواز بكات.

هاوكات،حەسەن رۆحانی، سەرۆكی ئێران، رایگەیاند: لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی مانەوەی هێزەكانیان لە عێراق، درۆی ئەمریكییەكانی لەبارەی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆرەوە ئاشكراكرد.

لە وەڵامێكدا بۆ قسەكانی ترەمپ، كە بەشێوەیەكی گاڵتەئامێز لە راگەیاندنە فەرمییەكانی ئێراندا بڵاوكراوەتەوە، حەسەن رۆحانی بە ترەمپ دەڵێت، تۆ دەڵێیت بۆ چاودێریكردنی ئێران لەعێراق دەمێنینەوە، بەڵام پێشتر دەتوت بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دەمێنینەوە، زۆر جوانە بە راستگۆیانە گوزارشتت لە ناخی خۆت كرد.

لەلایەكی دیكەوە كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد رایگەیاند، ئەگەر پەرلەمانتارانی عێراق، گرنگی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق بزانن‌و زانیاریان هەبێت لەبارەی جموجۆڵ‌و چالاكیەكانیان، ئاوا داوای رۆشتنی هێزەكانمان ناكەن لەعێراق، داواشی لێكردن، لەو بارەیەوە پرسیار‌و داوای زانیاری لەسوپا ساڵاری عێراق بكەن.

ئەمریكا لەعێراقدا، زیاتر لە 5 هەزار سەربازو حەوت بنكەی سەربازیی گەورەی هەیە، كە لەتوانایاندا هەیە هێرش بكەنە سەر هەر وڵاتێك لە ناوچەكەدا و روبەروی هێرشی گەورە ببنەوە.

394 جار خوێندراوەتەوە