هونەری بیناسازی لە هەورامان

02:30 - 05/02/2019
گەلەری

هەورامان سەدان ساڵ دەبێت پارێزگاری لە هونەری تەلارسازیەكەی دەكات

ناوچەی هەورامان بەتەنها پارێزگاری لە شێوە زارەكەی ناكات, سەدان ساڵیش دەبێت پارێزگاری لە هونەری تەلارسازیەكەی دەكات و  هونەری بیناسازیەكەی بەشێوازی كۆنی مێژوویی خۆی ماوەتەوە و زۆربەی خانووەكانیان تەنها لە بەرد دروستكراون.

سەرەڕای ئەو پێشكەوتنە گەورەیەی لە ئەندازە و هونەری تەلارسازی لە جیهاندا هاتووەتە كایەوە، بەڵام تا ئێستا هەورامییەكان سورن لەوەی دەست بە هونەری تەلارسازیانەوە بگرن و رێگا نەدەن بیناسازی سەردەم ناوچەكانی ئەوانیش بگرێتەوە و شێوازی بیناسازییان بگۆڕێت.

شارەدێی هەورامانی تەخت لە رۆژهەڵاتی كوردستان, ژمارەی دانیشتووانەكەی دەگاتە ٧٠٠ خێزان، دیارترین نموونەی هونەری تەلارسازی هەورامییەكانە كە هەموو خانووەكانی ئەم گوندە لە بەرد دروستكراون . 

شێوازی دیزاینی خانووەكانی ئەم ناوچەیە بەشێوەیەكە كە خانوو لەسەر خانوو بەشێوەی پلە پلە لە خوارەوە بۆ سەرەوە دروستكراون، سەربانی هەر ماڵێك دەبێتە حەوشەی ماڵی سەرەوە.

لە زۆرێك لە ناوچەكانی هەورامان, جگە لە خانووەكان، تەنانەت  پڕۆژەكانی تری ئاو و ئاوەڕۆ و ئاودێری و دیواری گەورەی راگر و قادرمە و مزگەوت و قوتابخانە و نەخۆشخانە و دیكۆرەكانی تریشیان بە بەرد و بە شێوەیەكی ئەندازەیی جوان دروستكردووە، دیمەنی جوانی ئەو بیناسازییەش سەرنجی گەشتیار بۆ خۆی رادەكێشێت و ساڵانە ژمارەیەكی زۆری گەشتیار بۆ بینینی دڵگیری ئەو ناوچەیە سەردانی دەكەن. 


مێژووی تەلارسازی ئاماژەیە بۆ شارستانیەتی هەر گەل و نەتەوەیەك، هەورامییەكان پارێزگارییان لەو شارستانیەتەی خۆیان كردووە و نەوە لە دوای نەوە هەوڵیان داوە ئەو خەسڵەتە كۆنەی باوباپیرانی خۆیان بپارێزن.

هەورامییەكان بەردەوام لەگەڵ سەختی ژیان و دژواری ناوچەكانیان جەنگاون و لە رووی بیناسازییەوە هەوڵیان داوە بۆ دروستكردنی شوێنی حەوانەوەی خۆیان بە شێوازێك بگونجێت لەگەڵ ژینگە و سەختی ناوچەكەیاندا.

439 جار خوێندراوەتەوە