هەورامان؛ پیاوێك 60 ساڵە كاری دارتاشی دەكات

06:32 - 04/02/2019
هەمەڕەنگ

پیاوێكی دانیشتوی هەورامانی تەخت لە رۆژهەڵاتی كوردستان، پیشەی دارتاشی لەباوكیەوە فێربووە‌و ماوەی 60 ساڵە ئەو كارە دەكات، ئەم پیاوە بە دروستی نازانێت تەمەنی چەندە، دەڵێت تا ئیچستا سەردانی پزیشكی نەكردوە‌و تەندروستیەكی باشی هەیە.

لە ژورێكی قوڕینی بچوكی دوو بە دوو مەتریدا، لە ژێر ماڵەكەی خۆی لە هەورامانی تەخت، زیاتر لە شەش دەیەیە بە چەند ئامێرێكی سادەی كۆن، رۆژانە كاری دارتاشی ‌و دروستكردنی چەند كەلوپەلێك دەكات.

محەمەد ئەمین ئەحمەد، دانیشتوی هەورامانی تەختە لە سنووری پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەهۆی دۆخی ئەو كاتەی ناوچەكەو دواكەوتنی دەركردنی ناسنامەی باری شارستانی بە دروستی تەمەنی خۆی نازانێت، بەڵام پێیوایە تەمەنی لەسەروو 72 ساڵەوەیە.

ئەم پیاوە بەتەمەنە، لە باوكییەوە فێری پیشەی دارتاشی بووە‌و سەرەتای بەردەستی كردوە، تا ئەو كاتەی شارەزایی لە كارەكەیدا وەرگرتووە‌و لە دوای مردنی باوكی درێژەی بە كارەكەی داوە.

سەرەڕای هەڵكشانی تەمەنی ‌و ماندویەتی رۆژگار، بەڵام بۆ بژێوی ژیان ‌و زیندەگی ناچارە رۆژانە پێنج تا شەش كاتژمێر لەم شوێنە بچوكەدا كار بكات، لە دار‌و تەختە شانەی دار‌و كلكی پاچ ‌و خاكەناز ‌و شانە‌و چەند كەلوپەلێكی تر دروست دەكات.

سروشت ‌و هەڵكەوتەی جوگرافی ناوچەكە بەشێوەیەك زۆربەی دانیشتوانەكەی تەندروستیەكی باشیان هەیە‌و چەندین پیاوی بە تەمەن دەبینرێن كە ئێستاش بە گوڕەوە رۆژانە كار دەكەن ‌و بەرزی ‌و نزمی رێگا سەختەكانی ناوچەكە دەبڕن.

ئەم دارتاشە دێرینە، حەفتا ساڵی تێپەڕاندوە‌و تا ئێستا هیچ كێشەكی تەندروستی نەبووە‌و سەردانی نەخۆشخانەی نەكردوە‌و تووشی هیچ نەخۆشیەكی درێژخایەنی باوی ئەم رۆژگارە نەبووە.

273 جار خوێندراوەتەوە